ئاگرەكەی جەستەت قرچەی لە جەرگمان هێنا!

0
عەلی بەهرامی
ئەورۆ سێ شەممە 28ی بانەمەڕی 1400ی هەتاوی، هەواڵێكی هەژێنەر تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی بۆ خۆی تەرخان كرد ئەویش هەواڵی خۆسوتانی پەنابەرێكی كوردی رۆژهەڵات و لایەنگری سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران بەناوی بێهزاد (محەمەد) مەحمودی لەبەردەم بنكەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەوڵێری پایتەخت بوو.
لە دوای بڵاوبوونەوەی فیلم و وێنەی ئەو رووداوە هەر كەس بەجۆرێك و بە مەبەستی تایبەتی خۆی پێناسەی بۆ دۆخی رۆحی بێهزاد و هەنگاوەكەی كرد.
بە رای من هەوڵەكەی بێهزادی مەحمودی كە خۆی بە كەسێكی سیاسی و لایەنگری سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران پێناسە دەكات، پێویستی بە وردبوونەوەو خەسارناسی زیاترە.
بێهزاد و بێهزادەكان كە هەركام لەسەر كوردبوون و بەرهەڵستی رژیمێكی داگیركەر و تاسەر ئێسقان دژە كورد مەجبور بە بەجێ هێشتنی زێد و خۆشەویستانی خۆیان بوون و ئاوارەیی و بێ دەرەتانی و بێ خانە و لانەیی لەلایەک كاریگەری زیانباری رۆحی ئەوتۆی لەسەر دروست كردوون كە هەر چەند ئامانج و ئارمانی بەرزیشان هەیە بەڵام جیاكاری و نادادپەروەریە ئابووری و كۆمەڵایەتیەكان و بێ مافی تووشی روخان و لاوازیان دەكات، هەر بۆیە لە دوای ئەوەی نائومێد دەبن لەوەی كەس گوێیان لێ ناگرێ و بەدەم داوا رەواكانیانەوە نایەن، رق و توورەییان بەو شێوەیە دەتەقێتەوە و كارەساتی هاوشێوە دروست دەكا.
دیوێكی دیكەی هەوڵە هەژێنەرەكەی بێهزاد شوێنی رووداوەكە یانی بەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكانە، شوێنێك كە هەموو مرۆڤێكی بێ پەنا پەنای بۆ دەبات و چاوەڕێ دەكات لەو بێ دەرەتانی و بێ كەسیەدا پشت و پەنای بێ و لانیكەمی ئەو مافانەی بۆ مرۆڤەكانی دیكە هەیە و بانگەشەی بۆ دەكەن، بۆ ئەویش لەبەر چاو بگیرێ.
بێهزاد ئازارەكانی ئەوندەی رەنجاندبوو كە بە قەولی دەڵێن لە سیمی ئاخری داو چووە بەردەم كۆمەڵێك كامێرای تی ڤیەكان و بە چەند رستە دەردەكانی بەیان كرد و ئاگری لەخۆی بەردا. بێ هەڵوێستی كامێراوان و رێپۆرتێرەكان لەو حاڵەتەدا كە هیچ هەوڵێكیان نەدا بۆ خاوكردنەو پەشیمان كردنەوە یان ئەوەی كە دەستی بگرن و رێگە نەدەن خۆی بسووتێنێ جێی لۆمە و شەرمەزاریە، ئەو رێپۆرتەرانە ئەوندەی بیریان لە رووماڵی تەلەفزیۆنی خۆیان دەكردەوە بۆ مەرامی تایبەت، لەبیریان چبوو مرۆڤێك بە بەرچاویانەوە ئاگر بە ژیانی خۆیەوە دەنێ. بێ بایەخی ئەو میدیاكارانە بە گیانی بێهزاد نەك ئەتەكیەتی رۆژنامەوانیانی خستە ژێر پرسیار، بەڵكوو ویژدان و هەستی مرۆڤبوونیشی عەیبدار كردن.
لە كۆتاییدا پێویستە بوترێ هەرێمی كوردستان كە بووەتە پەنای كەسانی سیاسی كوردستانی رۆژهەڵات، پێویستە لەگەڵ پاراستن و ئەمنیەتی گیان، پاراستنی بەها و مافە ئینسانیەكانی ئەو كەسانەش لە ئەولەویتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێ، ئەگەر هەرێم بەهۆی كێشە سیاسی و ئابووریەكانیش نەتوانێ‌ بەتەنیا هەنگاو هەڵگرێ، دەكرێ فشار بۆ رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان دروست كات بۆ ئەوەی زیاتر ئاوڕ لە پەنابەران و كەسانی سیاسی كوردستانی رۆژهەڵات بداتەوە و مافە ئینسانی، سیاسی و ئابووریەكانیان دەستەبەر بكات.
لە كۆتاییدا هیوادارم بێهزاد تەندروستی بەدەست بێنێتەوەو بگەرێتەوە بۆ نێو هاوڕێ و هاوسەنگەرانی.
Leave A Reply

Your email address will not be published.