کرێکارانی پیشەسازی:لەگاورباغیەوە هەتا ڕاپەڕینی ١٩٧٨ی ئێران و ٢٠١٩ی عێراق

0

ئەنوەر نجمەدین

ئابوویزانە بازاڕیەکان، ئارەزوومەندانە هەموو بایەخێکی پیشەسازی نەوت و غازیان کردووە بەژێر لێوەوەو بە ووشەیەکی پڕوپووچ، هەموو ووڵاتانی نەوتیان لە وەهمەکانی ئابووری سیاسیەوە پێچاوە: تیۆری بێ مانای ئابووری ڕەیعی! چەپەکانیش بێ ئاگا، کەوتوونەتە جووینەوەی تیۆریەکانی ئەو ئابووریزانە برجوازیانە.
ئەمە لە کاتێکا لەماوەی کەمتر لە سەدەیەکدا، پیشەسازی نەوت، بووە بەکێک لە پیشەسازیە هەرە گەورە و گرنگەکان لە جیهانی بەرهەمهێناندا. پیشەسازیەک کە لە دۆزینەوەی نەوت و هەڵکەندن و دەرهێنان و پاککردنەوەو گواستنەوەیدا، هەموو زانستە سروشتیەکان و تەکنۆلۆژیا نوێکانی پێویستە: فیزیا، کیمیا، بایۆلۆجیا، جیۆلۆجیا. وە هەر ئێستا نەوت ٣٩% ی ئیستیهلاکی ووزەی جیهانی پڕ دەکاتەوە کە وەک کەرەسەی خاوی پیشەسازی و ئامێری کشتوکاڵی و ووزەی ئۆتۆمۆبێل و فڕۆکە و شەمەندەفەر و پاپۆڕ و شاحنەی گەورە و بەرهەمهێنانی گەرمی و کارەبا بەکاردەهێنرێت، هەربۆیە ناودەبرێت بە (ئاڵتوونی ڕەش).
وە هەر تێکچوونێکی پارسەنگی بەرهەمهێنانی نەوت یان بەرزبوونەوەی نرخی، بە داڕمانی ئابووری جیهانی کۆتایی دێت. نەوت سایکڵەکانی ئابووری جیهانی دەجووڵێنێت. بۆیە هەر ئەوەندەی نرخی نەوت گەیشتە ١٢٠ دۆلار لە ٢٠١٤ دا، ئیتر دەبوایە بە شەڕو دروستکردنی داعش، پارسەنگی ئابوورییان ڕاست بکردایەتەوە لە ئەوروپاو ئەمریکادا. شەڕی ئیسرائیل و عەرەب، شەڕەکانی ئەمریکا لە عێراق، تورکیا لە ناوچەکەدا، هەمیشە بەشێک بووە لەو ڕکابەرییە جیهانیە. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گەورەترین خەزێنەی نەوتی جیهانیە. بەردەوامیش لەگەڵ بەرزبوونەوەی داخوازیدا لەسەر نەوت لە جیهاندا، داخوازی لەسەر دەستی کاری پیشەسازی زیادی کردووە. بەجۆرێک کە لەمێژە کرێکارانی پیشەسازی نەوت، ژمارەیەکی گەورەن لە پرۆلیتاریای پیشەسازی. ڕاپەڕینەکانی سەدەی ڕابووردوو لە عێراقدا بەبێ کریکارانی نەوت نەبووە.
ئێستایش خوێنی کرێکارانی گاورباغی لە کەرکوک لە ساڵی ١٩٤٦ دا، لە دڵی پرۆلیتاریادا ووشک نەبۆتەوەو هێز بە بزووتنەوەی شۆڕشگێری دەدات. لە ١٩٧٨ دا، کرێکارانی نەوتی ئێران، دەستیان کرد بە دامەزراندنی (لیژنەی ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکان و مانگرتنەکان) کە گەورەترین چەکی ڕاپەڕین بوو دژی دەسەڵات. بەڵام بەوهۆیەوە کە ئەو خۆڕێکخستنە تێپەڕی نەکرد بۆ ئاستی (ئەنجوومەنە کارگەریە شۆڕشگێرەکان) بۆ دەستگرتن بەسەر کارگەکاندا، ئەوا هێزی دژە-شۆڕش، بە ئاسانی جڵەوی ڕاپەڕینی لەدەست کرێکاران هەڵپڕووکاند. ئەمە هەروەک چۆن چەپ (حیزبی تودەو چریکەهای فیدایی خەلق و کۆمەڵە) هیچ نەبوون لەو بزووتنەوەیەدا جگە لە هێزێکی مردوو کە بەشێکیان تەنانەت خومەینیان بە پاڵەوانی ڕاپەڕین دەناساند. ئەو چەپانە لەم سەدەیەشدا هەر هەمان کاریکاتێر دووبارە دەکەنەوە بەناوی ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەییەوە، دروشمەکانیشیان شەفایەتەکەی (گۆڕان) ی جێنەهێشتووە.
ئەمەیش بەردەوام هێزی پرۆلیتاریا لە بەرژەوەندی برجوازیەکان کەمدەکاتەوە. لەم سەدەیەدا لە عێراقدا، لەگەڵ گەورەترین ڕاپەڕینی جەماوەری چەوساوەدا، کرێکارانی پیشەسازیمان نەبینی لە کارگەکان بێنە دەرەوە. تەنها ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی نەوت لە میسان بەشداریی خۆپیشاندانەکانیان کردو چیترنا. وە لەگەڵ ئەوەی خۆپیشاندەرانی شۆڕشگێر لە بەسرە، ڕێگای گەلێک کێڵگەی نەوتییان لە کرێکارانی نەوت و بەندەرەکانی نەوت داخست، بەڵام پەرچەکردارێک نەبینرا لە کرێکارانەوە. تەنها لە کەربەلا سۆڵیداریتیەکیان نیشانداو بەس. بەڵام کرێکاران ڕۆڵی گەورەیان بینی لە ئێراندا. هۆکاری هەرە گەورەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەم دەیەی دواییدا، ساڵ بەساڵ بەرهەمهێنانی نەوت، ڕادەستی کۆمپانیا بێیانیەکان دەکرێت لە عێراقدا.
وە جگە لە سوودی برجوازیە ئۆرۆستۆکراسیە داراییەکان و دزو تاڵانچیەکانی عێراق و کوردستان لە هێنانی کۆمپانیای بێیانیدا، ئەو کۆمپانیا سەرمایەداریانە، ئاگرەکە لە دەوڵەتیش دوور دەخەنەوە. ئەو کرێکارانە لە هەر سەرپێچیەکدا بە لێشاو دەردەکرێن، ئیتر بەبێ ئەوەی هیچ پاراستنێکی یاساییان هەبێت. بەرزبوونەوەی ژمارەی کرێکارانی بێیانییش لە کەرتی نەوتی حکومیدا کە لە ئێستادا نزیکەی دوو ملیۆنە، دووبارە کرێکاران ناچار دەکەن بە هەموو مەرجێکی ناهەمواری کار لە پێناوی پاراستنی کارەکەیاندا لە بارودۆخێکیشدا کە ٣١% ی لە هەژاریدا دەژی و بێکارییش ٤٠% (لە هەندێ شوێن ٥٨%)، ئەمە بەپێی ڕاپۆرتی خۆراکی جیهانی.
ئەم حاڵەتە، شەقامێکی شۆڕشگێری لە بێکارو هەژار دروست کرد. بەڵام ناڕێکوپێکی لە ژیانی ئەو توێژانەدا، هەرگیز یارمەتی نەدان ڕێکخستنێک بەرهەمبهێنن لەشێوەی ڕێکخستنی کارگەکاندا. هەر ئەم بارودۆخە حوسالەی پرۆلیتاریایشی ئێجگار زیاد کردووە، ئەوانەی بە ئاسانی خۆیان دەفرۆشن بە دوژمنانی چینەکەیان. ئەمە جگە لە هێزی ڕێکخراوی ئیسلامیەکان و ناسیۆنالیستەکان کە بەرامبەر بە هێزی ناڕێکخراوی پرۆلیتاریا وەستاونەتەوە. بەڵام ئەمە هەرگیز کرێکارانی پیشەسازی بێدەنگ ناهێڵێتەوە تاسە مادام بەردەوام ژمارەیان لە بەرزبوونەوەدایەو باری ژیانیان لە خراپیدایە: لە ئێستادا ژمارەی کرێکارانی نەوت گەیشتۆتە نزیکەی ١١ ملیۆن کەس، ئەمە لەسەر ئاماری بانکی نێودەولەتی. ئا ئەو پرۆلیتاریایە، نەک هەر هێز لە ڕاپەڕین وەردەگرێت، بەڵکو بەردەوام هێز لە ڕابووردووی خۆی و لە پرۆلیتاریای پیشەسازی جیهانی وەردەگرێت و بەردەوامیش داخوازیەکانی، لە پشت قەیرانەکان و هەژاری و گەندەڵیەوە، دەچێتە سەرەوە.
٢٧ / ٥ / ٢٠٢١
Leave A Reply

Your email address will not be published.