ڕاگەیاندنی ژمارە ٢ی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەسەر بەناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران

0
هاونیشتیمانیانی بەڕێز
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان
هەر وەک دەزانن و لە ڕاگەیاندنی پێشوومان دا هاتبوو، بەناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەیە و جارێکی تر کۆماری ئیسلامی دەیەوێ بە بەڕێوە بردنی بە ناو هەڵبژاردن لە لایەکەوە دەسەڵاتی خۆی یەکدەست کاتەوە و لە لایەکیترەوە بە هێنانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان مەشرووعیەتی خۆی هەم بە خەڵکی بەشمەینەتی ئێران و هەم بە کۆمەڵگای جیهانی نیشان بداتەوە.
بە نەریتی خولەکانی پێشوو ئەم دەورەش شۆرای نیگەهبان بە رەدی سەلاحیەتی کۆمەڵێکی زۆر لەو کەسانەی کە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری بەربژێر کردبوو بۆ جارێکی تر مۆری تەئیدی لەو راستییە داوە کە هیچ هەڵبژاردنەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی جیا لە شانۆگەرییەکی درۆیینە هیچی تر نییە. رەدی سەلاحییەتی سەرۆک کۆماری پێشوو، سەرۆکی پێشووی پارڵمانی ئێران و جێگری سەرۆک کۆماری ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم راستییە دەسەڵمێنێ کە رۆژ لە دوای رۆژ ئاڵقەی نزیکانی رێبەری کۆماری ئیسلامی بەرتەسکتر و تا دێت متمانە بە نزیکترین کەسانی ئەم نیزامە کەمتر دەبێتەوە.
تا دێت پانتایی ئەو بازنەیەیی کە پێی وایە هەڵبژاردنەکانی ئێران جیا لە بەرێوە بردنی شانۆگەرییەکی لە پێش دا داڕێژراو و مۆهەندیسی کراو هیچی تر نییە بەرینتر دەبێتەوە و تا ئەو ئاستە ڕۆیشتووە کە تەنانەت دام و دەزگا تەبلیغییەکانی کۆماری ئیسلامی باس لە بەشداری ٢٥ لە سەدی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دورەیە دا دەکەن و ئەمە دەبێتە ریسواییەکی گەورەی تر بۆ کۆماری ئیسلامی.
لە لایەکی ترەوە نیگەرانی لە نەمانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و ئەگەرەکانی پاش ئەم ڕووداوە، بە تەواوی بازنەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پەرێشان کردووە و بە ئاشکرا بۆتە بناغەی تەحلیلی دەسەڵاتی حاکم لە ئێران و باس لەوە دەکرێ کە لە ڕاستیدا ئەم هەڵبژاردنە بۆ سەرک کۆماری نییە بەڵکوو ڕێگە خۆش کردن و چنینی مۆرەی پێویستە بۆ جێگرەوەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی.
خەڵکی شۆڕشگێری کوردستان
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران جارێکی تر هەڵوێستی خۆی لە هەمبەر تەحریمی فەعالی بە ناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی دووپات دەکاتەوە و جەخت لە سەر ئەم بابەتە دەکاتەوە کە بەشداری هەر تاکێکی کورد بە تایبەتی و ئێرانی بە گشتیی لەو هەڵبژاردنانەدا خزمەتی راستەوخۆیە بە کۆماری ئیسلامی و هەوڵە بۆ نەجاتی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە لە ڕووخانی یەکجاری.
ئەوەی کە چاوەڕوانی ئێمەیە ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان بە بەشداری نەکردنیان لە لایەک و هەوڵ بۆ وشیار کردنەوە و بەشداری نەکردنی خەڵکی دەور و بەری خۆشیان لە لایەکی ترەوە، سندووقەکانی دەنگ دان لە کوردستان چۆل بێت و بە ناو هەڵبژاردنی ئەم جارە بکەن بە ڕێفراندۆمی نا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.
دەنگی ناڕەزایەتی ئەم جارەی ئێمەی کورد دەبێ لە هەمیشە بەرزتر و ورەی بەرەنگاریمان لە هەمیشە قایمتر بێت و بۆ چەندەمین جار بیسەلمێنین کە کوردستان قەڵای خۆڕاگڕی و پێشڕەوی شۆرشگێرییە لە ئاستی هەموو ئێران دا.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٣ی جۆزەردانی ١٤٠٠ هەتاوی
٣ی ژوئەنی ٢٠٢١ زایینی
Leave A Reply

Your email address will not be published.