لە پەراوێزی رووداوی نەخۆشخانەی هیوا (كاتێك نیولیبرالیزم راستەوخۆ بەر جەستەی نەخۆش دەكەوێت )

0
هیوا عمر
دوای بەرزبونەوەی نارەزایەتییەكی بەرفراوان دژ بە دابین نەكردنی داوو دەرمان بۆ #نەخۆشەكانی نەخۆشخانەی هیوا و مەترسی فرۆشتنی ئەم نەخۆشخانەیەش بە كەرتی تایبەت، لاینەپەیوەنیدارەكانی حكومەت و وەزارەتی تەندروستی ڕایانگەیاند دەنگۆی فرۆشتنی نەخۆشخانەی هیوا بە كەرتی تایبەت راست نیە و رەتی دەكەینەوە.
ئەوان لە ڕاگەیاندراوەكەدا بەشێوەیەك قسەدەكەن وەك ئەوەی هەڵمەتی هەراجكردن و فرۆشتنی كەرتی گشتی لە ئێستا و لە رابردوو لە بوارەكانی تەندروستی و خوێندن و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان و هتد … لەسەر دەستی ئەوان ئەنجام نەدرابێت ؟ .
خەڵك تێگەیشتووە لەوەی داخستنی دەرگای نەخۆشخانە و زۆربەی خزمەتگوزارییە گشتییەكان دەمێكە دەستی پێكردووە، دەبێت لەوەش تێبگەین ئەم داخستنە بەشێكە لە روئیای سیاسی ئابوری ئیتلافی حكومران كە پێی دەگوترێت( #نیولیبرالیزم ) سەرەڕای ئەوەی بازار و كۆمپانیاكان لە لایەن حزبە دەسەڵاتدارەكانەوە ئیحتیكاركراوە، ئەوەش وامان لێدەكات بیر لە بەكاربردنی تێرمێكی تری ئابوری سیاسی تایبەت بەم دەسەڵاتە ئۆلیگاریشیە بكەینەوە .
پرسیارێك رووبەروومان دەبێتەوە، دەرگای نەخۆشخانە و قوتابخانە و دامەزراوە و فەرمانگەكانی كەرتی گشتی بە چ مانایەك داخراوە ؟
– كاتێك بودجەی وەزارەتی تەندورستی ناگاتە %10 وەزارەتە ئەمنییەكان ونیوەی پێوەرە جیهانیەكان، ئەوە چی دەگەیەنێت ؟
– كاتێك بەهۆی نەمانی دەرزی و دەرمان مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆشەكانی ژێرپەنجە دروست دەبێت و لە كاتژمێر 9:00ی بەیانی بەدواوە لە نەخۆشخانە گشتییەكان حەبێكی پاراسیتۆمۆڵ دەست ناكەوێت، واتای چییە ؟
– كاتێك لە نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن لەفاف وكەچ و پێداویستی سەرەتایی بە پێی پێویست بۆ نەخۆشەكان دابین ناكرێت ؟
– كاتێك ئاستی خوێندنی گشتی و خزمەتگوزارییەكانی تری كەرتی گشتی تا ئاستی نەمان دادەبەزێت، ئەوە چیمان پێی دەڵێ‌ ؟
– كاتێك لە رووی ئیداری و كارگێری و دارایی و خزمەتگوزارییەوە رۆژانە ئاستی نەخۆشخانە گشتییەكان دادەبەزێنرێت، ئەوە هاندانی خەڵك نییە بۆ رووكردنە كەرتی تایبەت، ئەوە ناشرینكردنی كەرتی گشتی نییە لە بەرامبەر كەرتی تایبەت ؟ .
رۆژانە كامان هەیە گوێبیستی چیرۆكی نەمانی خزمەتگوزاری سەرەتایی لە نەخۆشخانە و قوتابخانە و هتد شوێنە گشتییەكانی تر نەبێت، ئەمانە مانای چییە جگە لە داخستنێكی هەنگاو بە هەنگاو نەبێت، ئێستا شوێنە گشتییەكان تەنیا وەك ناوەندێك نەماونەتەوە بۆ رێكلامكردن بۆ رووكردنە كەرتی تایبەت .
لەبارەی #ناڕەزایەتی گشتییەوەناڕەزایەتییەكان دژ بە فرۆشتن و دابین نەكردنی خزمەتگوزارییەكان لە (نەخۆشخانەی هیوا) جیاواز لە هەموو پرۆسەكانی بەتایبەتیكردن و فرۆشتنی كەرتەكانی تر كە ماوەی زیاتر لە 15ساڵە بە چڕی دەستیپێكردووە لە ماوەیەكی دیاریكراو وەك شەپۆڵێك هەڵكشا، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی بۆ كەرتەكانی تر ئەوە رووینەدا سەڕەڕای هەندێك هەڵمەتی هێزە چەپەكان كە بەشێوەی پچر پچر دژ بە فرۆشتنی كەرتی كارەباو بەشێك لە كارەكانی وەزارەتی داد (عەریزە نوسەكان) ئەنجامدرا بەبێ‌ ئەوەی بەردەوامی پێبدەن ؟
لەم رووداوەدا زبری نیولیبرالیزمی سەرمایەداری جیازا لەوانی تر راستەوخۆ بەر جەستەی نەخۆش و كەس و كارەكانی نەخۆشخانەی هیوا كەوت، بۆیە باشتر هەستی پێكرا و ڕای گشتی بەدوای خۆیدا دروستكرد، بەڵام بیرمان نەچێت ئەو زبرەی لە كەرتەكانی پەروەردەو بوارەكانی تری تەندروستی و ئاو كارەباو هتد درا .. راستە زبرێكی لەسەر خۆیە بەڵام كاریگەرییەكانی كەمتر نییە لە ئێستاو رابردووشدا لەوەی لە لەنەخۆشخانەی هیوا روویدا. جگە لە خصخصەكردنی كەرتی گشتی و زیادكردنی سەدان جۆری باج و رسومات و كەمكردنەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەكان و بڵاوبونەوەی بێكاری و خراپتربوونی ژینگەی كار و هەڵكشانی هەژاری و چربونەوەی سامان لەدەست كەمینەیەك و هەڵكشانی زیاتری رێژەی پەراوێزخراوەكان هەمان ئەنجامی نیولیبرالیزمی سەرمایەدارییە هاوشێوەی ئەوەی لە نەخۆشخانەی هیوا رویدا، سەرەنجام ئەوەی پارەی هەبێت هەموو خزمەتگوزارییەكی دەبێت لە رێگای كەرتی تایبەتەوە ئەوەشی نەیبێت هیچی نابێت.
لەم مۆدێلە حوكومرانیەدا رۆڵی دەوڵەت و دام و دەزگاكانی تەنیا ئەركی پاراستنی بەرژەوەندی كۆمپانیاو سەرمایەدارەكان دەبێت دژ بە زۆرینەی كۆمەڵگە .
لە #پەراوێزی رووداوەكەی (نەخۆشخانە هیوا) پێویستە هەڵمەتی دژایەتیكردنی زیادكردنی باج و رسومات و رەتكردنەوەی فرۆشتن و هەراجكردنی سەرجەم كەرتەگشتییەكان هاوشێوەی ئەوەی نەخۆشخانەی هیوا بەردوام بێت، تێكۆشانمان بۆ گێرانەوەی سەرجەم كەرتەگشتییەكان بێت وەك موڵكی گشتی، گەڕانەوەی رۆڵی حكومەت بێت لە بەر پرسیارەتی كۆمەڵایەتی و ئابوری كە لەمرۆدا لە كەرتی تەندروستیدا خۆی لە دابینكردنی بیمەی تەندروستی وخۆرایكردنی خزمەتگوزراییە تەندروستییەكان و زیادكردنی بودجەی وەزارەتی تەندروستی و دوورخستنەوەی دەستی حزب دەبینێتەوە لەسەرجەم كایەكان .
Leave A Reply

Your email address will not be published.