فشەیە، حزبی شیوعی یە!

0

 

هاوژین ڕەشید

شیوعیەکان کاریان دەکرد دژی تاپۆکردنی ئەو زەویانەی کۆمپانیاکانیان لەسەر دامەزراوە، تۆی نوستوو گوتت فشەیە و پشتگیریت نەکرد. شیوعیەکان لەسەر شەقام بوون بۆ ڕەتکردنەوەی بەتایبەت کردنی کەرتە حکومیەکان، جەنابی ناموبارەکت هەر گوتت فشەیە و نەهاتی!

شیوعیەکان دەهاتنە سەر جادە دژی نوری مالیکی و حکومەتی عیراقی، هەر گوتت فشەیە و نەهاتی! ئێمەی شیوعی واژۆمان کۆکردەوە بۆ داواکردنی زەوی و خانو بۆ مامۆستایان، جەنابت واژۆت نەکرد نەوەک ببێتە دەسکەوت بۆ حزبی شیوعی. گوتت فشەیە!

لە هەر شوێنێک کرێکارێکی لێبووبێت ئێمەی شیوعی دڵمان لای بووە، جەنابت هەر زیاتر کرێکارت چەوساندەوەو گوتت فشەیە. ئێمە دژی داگیرکاری تورکیا و ئێران هاتینە سەر شەقام، جەنابت نوستی و نەهاتی و گوتت فشەیە!

شیوعیەکان ڕۆشتنە بەردەمی پەرلەمان داوایان کرد موچە دوانەکەوێت، حەزرەتی خەوتووت خۆت شلوێ نەکرد بڕۆی لەگەڵیان بی و گوتت فشەیە!

شیوعیەکان دەستیانکرد بە کاری هەرەوەزی و بڵاوبوونەوە بەناو ڕێخراوەکاندا، جەنابت هەر دەنگت نەبوو گوتت فشەیە! پاشەکەوتی موچە ڕاگەیەنراو شیوعیەکان جگە لە واڵ و هەژمارەکانیان چەندان گردبوونەوەو خۆپیشاندانیان کرد، بەڕێزت هەر گوتت فشەیەو پاڵتدایەوە!

سەرۆکی حکومەتەکەت ڕاستەوخۆ لەناو پەرلەمان گووتی ئێمە سیستەمیکی کۆمۆنیستی نین.جەنابت هەر گوتت فشەیەو بیرت لەو قسەیە نەکردەوە و دیسانیش لێی نوستی!

چەندان ڕۆژنامەنوس و چالاکوان تیرۆرکران، ئێمەی شیوعیەکان چوینە سەرشەقام و ناڕەزایەتیمان دەربڕی، تۆی خەواڵو هەر زیاتر خۆت بە جێگاکەتەوە قایمکرد و پێت فشەبوو!

ئێستاش کە ووردە ووردە هیچ نەماوە دەسەڵات بۆخۆی نەیبات ماڵ و داراییەکەت دەفرۆشی و دەتەوێ بێیە دەرەوەی وڵات گوایە کوردستان بۆتە دۆزەخ! ئێستا وەڵامم دەوە: کێ ئەوێی کردە دۆزەخ هەی لە فشە کەمتر؟!

Leave A Reply

Your email address will not be published.