ئەم بورکانە‌ درەنگ یا زوو دەتەقێتەوە!

0
لەبارەی بێئاوی و خۆپیشاندان و نارەزەیەتیەکانی چەند گەرەکێکی زەحمەتکێشی شاری هەولێرەوە
خۆپیشاندان و كۆبوونه‌وه‌ی ناڕەزایەتی دانیشتوانی هەژارنشینی باداوا و فەرمەنابەران و چەند گەڕەکێکی تر، لەدژی نەبون و کەمی ئاو لە شاری هەولێر جارێکی تر ڕق وتورەیی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشانی بەڕوی دەسەڵاتی گەندەڵکاراندا هێنایەکایەوە و ئەو پەیامەی دا کە چیتر ژیان لەسایەی ئەم سیستەم ودەسەڵاتدا قابیلی قبوڵ نییە، کەلەلایەک بەهەشتێکی بۆ سەرمایەداران و بەرپرسیارانی حکومەت و خاوەن کۆمپانیاکان دامەزراندووە و لەولاشەوە جەماوەرێکی بەرینی بێبەش کردوە لەسەرەتایترین پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان، کە ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاریە تەندروستیەکانە.
حکومەتی هەرێم، کە سی ساڵە ژیانی خەڵک دەهاڕێ و توانای دابین کردنی ئاوی بۆ خەڵکی بن دەستی نەبێت، سەلمـێنەری ئەو ڕاستیەیە کە دەسەڵات و حکومەتی سەرمایەدارانە و ژیان و بژێوی خەڵکی کرێکار و زەحەمتکێشی لەسەر بنەمای تاڵانچێتی و کۆکردنەوەی سەرمایە و جیاکاری چینایەتی دامەزراندووە و تەواوی جومگەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی داهاتی کۆمەلایەتی خستۆتە خزمەتی کۆکردنەوەی سەرمایە لە دەستی بەرپرسانی حزبی وهەر دوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتیدا و بە یەکجاریش خۆی لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەدابین کردنی پیداویستیەکانی ژیان و بژیوی هاوڵاتیان دزیوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سیاسەتی لێگرتنەوەی حکومەت وهەڕاج کردنی کەرتی خزمەتگوزاریەکان بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، لەژێر ناوی چاکسازیدا، هێندەی تر ژیانی خەڵکی کەمدەرامەتی لەتەنگانەیەکی تەحەمولنەکراودا، راگرتووە.
وەک بەرئەنجامێکیش لەم واقعیەتە ئەوە ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی خەڵکە کە لەبەرامبەر ئەم بێمافی و جیاکاریە چینایەتیە، بۆ خواستێکی بەرهەق پێدەنێتە مەیدانەوە و ڕێگاکان دەبەستێت.
بێگومان ڕق و توڕەیی خەڵکی مەحرومی باداوا و گەڕەکە هەژارنشینەکانی شاری هەولێر، لەبەرامبەر نەبوونی ئاودا، ڕق و تورەیی و دەرد و غەمی هاوبەشی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە و ئەڵقەیەکی ترە لەو جوڵانەوە نارەزایەتیەی کە خەڵکی کرێکار و زەحەمتکیشی کوردستان بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو لەدژی نەدانی موچە و هەژاری و بێکاری و گرانی بەنزین و نەبوونی کارەبا و خزمەتگوزاریەکان، یەخەی دەسەڵاتدارانی پێگرتووە. ئەمڕۆ ئەم جوڵانەوە وئەم نارەزایەتیەی جەماوەر، نەك هەر ئەو باوەڕەی دروست کردووە کە بەڵێن و پاساوەکانی دەسەڵاتداران، بێبنەما و درۆیەکی ئاشکرایە و ناتوانێ هیچ باشبونێک بەسەر ژیان و بژێوی خەڵکدا بهێنێ، بگرە ڕق و توورەییەکانی خەڵکی کرێکار و بێبەشی بەوپەڕی خۆی گەیاندووە و دۆخی ئێستای کوردستانی لەبەردەم تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا ڕاگرتووە و درەنگ یا زوو بەڕووی دەسەلاتداراندا دەتەقێنێتەوە.
کرێکاران جەماوەری مەحرومی کوردستان!
بەهرەمەندبوونی سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان لە ئاو و کارەبا و موچە و خزمەتگوزاریەکان و لە ژیانێکی ئاسودە و خۆشگوزەران مافێکی بێئەملاولایە، بەڵام خۆپیشاندان وجوڵانەوەی نارەزایەتی ئێوە و هاتنەمەیدانی یەکگرتوانەتان لەدژی بێئاوی و تا گەیشتن بە ژیانکی خۆشگوزەران و ئاسودە، ڕێگایەکی تری لەبەردەمدا نییە و دەبێ بەسەرکەوتن بگات. هەنگاوی خێراش لەم ڕاستایەدا ئیرادەگرتنی جەماوەریە بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی ژیانی کۆمەڵایەتیمان له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه‌، نه‌ك مشه‌خۆرانێكی سه‌رمایه‌دار كه‌ ساڵه‌هایه‌ له‌سه‌ر ژیانی ئێمه‌ هه‌تادێ خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌كه‌ن.
لەمڕاستایەشدا دەبێ لەدەوری یەک کۆببینەوە ونوێنەرانی خۆمان هەڵبژێرین و خۆمان لە شوراکان و ئەنجومەنە جەماوەریەکاندا، لە ئاست گەڕەک و ناوەندەکانی کار و زانکۆ و بەڕیوەبەرایەتیەکاندا ڕێکخراو بکەین و بەڕێوەبردنی کۆمەلگا بەدەستەوه‌ بگرین. دەبێ ڕیزی سەربەخۆی ئەم ناڕەزایەتیانە بپارێزین و ڕێگا نەدەین بەو حزب و لایەنانەی کە کۆرپەی باوەشی هەر ئەم دەسەڵات و سیستمەن و لەنێو هۆڵەکانی پەرلەمانەوە داکەوتون و بۆ “کۆکردنەوەی دەنگ” لە هەڵبژاردنەکانی داهاتودا، نارەزایەتیەکانمان بەلاڕێدا ببەن. یاخود له‌ژێر ناوی خێر و سه‌ده‌قه‌ی ئه‌م ده‌زگای خێرخوازی و ئه‌و لایه‌نی سیاسیدا و به‌ دابینكردنی كاتیی ئاو و به‌نزین و پێداویستیه‌كانی ترمان ناڕه‌زایه‌تیه‌كان لاواز بكه‌ن و بیخه‌نه‌ قازانجی مه‌رامی سیاسی خۆیان…
بەدڵنیاییەوە هێزی ئامادە بەکاری گەنجان و پسپۆڕی و هوشیاری جەماوەر، لەپاڵ داهاتی زۆروزەبەندی کوردستاندا ئەو ئیمکانەی فەراهەمکردووە کە دەتوانرێ جۆرێکی تر لە ژیان و سیستەمێکی ئینسانی و عادلانەتر دامەزراێ ته‌نها مه‌رجێك كه‌ زه‌مانه‌تی ئه‌مه‌ بكات ئه‌وه‌یه‌ لەلایەن خودی جەماوەر خۆیانەوە کۆمەڵگا بەڕیوەببرێ.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان
١٢/٨/٢٠٢١
Leave A Reply

Your email address will not be published.