بێ ئاسۆیی ژنانی ئەفغانستان

0

وەنەوشە کەریمزادە

سەرھەڵدانی سەرلەنوێی تاڵیبان لەئەفغانستان بۆ جارێکی‌تر سەرنجی هەموو جیهانیی بۆ ئەفغانستان ڕاکێشا وکۆمەڵگەی جیهانیی نیگەرانە لەهەمبەر باردۆخی مافی مرۆڤ و دێموکراسی بۆ دانیشتوانی ئەو وڵاتە کە لەوھەلومەرجەدا دۆخ و داھاتووی ژنان و منداڵان زیاتر لە ھەر چین و توێژێکی کۆمەڵگە ڕووبەڕوویمەترسیی بوەتەوە و چاوەڕوان‌دەکرێ کە بە سەرھەڵدانی تاڵیبان ژنان زیاتر لەڕابردوو لەمافی کۆمەڵایەتیی وسیاسی بێبەش بن بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە کە ئایا بارودۆخی ژنان پێش لە بەدەستەوە گرتنیدەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە لە ئەفغانستان باشتر بوو؟

ئایا ئەوەیکە بارودۆخی ژنان لەو وڵاتە چۆن بووە کە ئێستاکە بەھاتنی تاڵیبان دەبێ نیگەران بین؟ بۆ وەڵامیئەو پرسیارانە دەبێ بچینەوە بۆ ڕابردووی ژنانی ئەفغانستان و شیکردنەوەیەکمان هەبێ لەسەر بارودۆخیڕابردوو و داهاتووی ژنانی ئەو وڵاتە.

بارودۆخی مافی ژنان لە ئەفغانستان لە دەورانی حکوومەتە جۆراوجۆرەکاندا جیاواز بووە، بۆ یەکەمین‌جاربەپێی یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٦٤ی زایینیی مافی ژنان بە شێوەی یاسایی و بەرامبەر ڕاگەیێندراھەرچەند ئەو ماف و ئازادییە مەدەنییە لە دەیەی ١٩٩٠ لە لایەن دەسەڵاتدارانی کاتی و بە تایبەت لە دەورانی دەسەڵاتداری تاڵیبان، ژنان لەهەموو مافێک بێبەری کران. بەم پێیە بە سەرنج‌دان بە ڕۆڵی تاڵیبانیسم بە سەردۆخی ژنان، دەتوانین بارودۆخی ژنان لە ئەفغانستان بە دوو دەورەی سەرھەڵدان و داکەوتنی تاڵیبان دابەشبکەین.

لە دەورانی دەسەڵاتداری تاڵیبان ژیانی ژنانی ئەفغانستان لە خراپترین دۆخی خۆیدا بوو لە ساڵی
١٩٩٦ تا ٢٠٠١ مافی دەنگدان، فێرکاری و کار کردن لەلایەن تاڵیبانەوە بۆ ژنان قەدەغە کرابوو. لە ساڵی
١٩٩٧ تاڵیبان بەپێی یاسایەک رایگەیاند کە خوێندی ژنان لە قوتابخانە گشتییەکان قەدەغەیە. ھەروەھا
کارکردنی ژنان لە شوێنە گشتییەکان قەدەغە کرا. قەدەغەبوونی کارکردنی ژنان بەسەر ژیانی ژنانی ئەفغانبەتایبەت ئەوانەی کە خوێندەواریان بوو و یا سەرپەرەستی بنەماڵە بوون کاریگەری نەرێنی زۆری دانا.

لەساڵی ١٩٩٨ ژنانئیزنی دەسپێڕاگەیشتن بۆ نەخۆشخانە گشتییەکانیان لێوەرگیردرایەوە و ئەو کارە لەسەر باریتەندروستی ژنانی ئەو وڵاتە زۆر کاریگەری هەبوو. تاڵیبان حیجابی زۆرە ملێی لەسەر ژنان قورستر لە
جاران‌کرد. ئەویش لێدانی زۆرەملێی دەمامەک بۆ ژنانی خوێندەوار بوو و ھەروەھا بەپێی یاسا ئێزنی بەتەنیاڕێگا ڕۆیشتن لە شەقامەکانیان نەبوو مەگەر ئەوەیکە ھاوسەر یا پیاوێک کە ئەندامی بنەماڵەکەی بێ لەگەڵیبن، تاڵیبان بنەماڵەکانی ھان دەدا بۆ ھاوسەرگیری کچەکانیان لە تەمەنی خوارەوە. ئەوانە بەشێکی بچووکبوون لە بارودۆخی خراپی ژیانی ژنان لە دەورانی حکوومەتی تاڵیبان.

بەڵام لە سەردەمی شکستی حکوومەتی تاڵیبان و لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠١ی زایینیی مافی ژنان بەرەبەرە باشتر بوو و ژنان دووبارە بەشێوەی یاسایی لە ژێر یاسایی بنەڕەتی ساڵی ٢٠٠٤ لەگەڵ پیاوان مافی بەرانبەریان پێدرا لە ئەو سەردەمەداژنانی ئەفغانستان توانیان بە سەرکەوتنێکی زۆر لە بواری دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆیان بگەن بۆنموونە: لە ساڵی ٢٠٠١ دەوڵەتی کاتیی ئەو وڵاتە ١٠ میلیۆن دۆلاری بۆ بەھێز کردنی جێگەو پێگەی ژنان لەکۆمەڵگە و دابینکردنی کار بۆ ژنان تەرخان کرد.

لەو دەورەیە ژنان بە بەراوەرد لەگەل دەورەی دەسەڵاتداریی تاڵیبان کەوتنە نێو بارودۆخێکی باشەوە و ژنان لە پارلمانی ئەو وڵاتەدا ئامادە دەبن و ٢٣ لەسەدی ڕێژەی مامۆستایان، تەرخان دەکرێ بۆ ژنان و تەنانەت ڕێژەی پارێژەرانی ژن دەگەتە ٢٤٠کەس ودوو ژن لە کابینەی دەوڵەت‌دا، ١٠ ژن وەکووڕاوێژکارانی سەرۆک‌وەزیر و دوو ژن وەکوو باڵوێزھەڵبژێردراون.

ژنان کە لەسەردەنی دەسەڵاتداریی تاڵیباندا تەنانەت مافی خوێندنیان نەبوو لە دەورانی نوێ
و بە ئامادەبوون لە کۆمەڵگە توانیان لە ھێندێک لە چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەشداربن، بەڵام ژنان لەو وڵاتە لەگەڵ ھەڵسوکەوتی زۆر قورس ڕووبەڕوو بوونەتەوە، چۆن پیاوسالاری بەردەوام کولتووری ئەو وڵاتەیە و بەشێکی زۆری قوربانیانی توندوتیژی بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتی سەبارەت بە ژنانە، سەرەڕای بوونی تێکۆشانی بزووتنەوەی ژنان لە ئەفغانستان و یارمەتی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ باشتربوونی ئەو ڕەوتە ڕادەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە ئەفغانستان زۆر لە سەرترە، کە بەردەوام دەبێتە ھۆی نیگەرانینێونەتەوەیی.

ئێستاکە بە دوای ھێرشی تاڵیبان و رووخانی دەوڵەتی ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢١ نیگەرانییەکن سەبارەت بەداھاتووی خەڵکی ئەو وڵاتە و بەتایبەت ژنان و کچان چۆتە سەرێ.

ئەو پێشەکییە کورتە لەسەر بارودۆخی ژنان لە سەردەمە جیاوازەکاندا لە ئەفغانستان ئێمە بەئەو بەرەنجامەدەگەیەنێت کە دۆخی مافی ژنان ھیندە باش نییە و ژنان بەردەوام لە و وڵاتە کەوتوونەتە بەرجیاوازی،ھەڵبەت دەبێ ئاماژە بەئەو خاڵەش بکەین کە ٢٠ ساڵ پاش حکوومەتی تاڵیبان و دامەزراندنی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، لە ئەفغانستان تاڕادەیەک دۆخی ژنان باشتر بووە بەڵام ئەوە بە مانای لەبەرچاوگرتنی هەموو مافەکانی ژنان نەبووە، چۆنکە ھەرلە ماوەی ئەو ٢٠ ساڵەشدا ھەستیان بە سێبەری قورسی سانکای پیاوسالاری لەسەر خۆیان کردووە سانکایەک کە ئێدئۆلۆژی ئیسلامی و بیروباوەڕی نەریتی لەپشتە و بەرفراوانی بەشداری ژنان بۆ چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریی تەنگەبەر کردوو بەڵام دەبێ ئاماژە بەو خاڵەش بکەین کە تەنیا ھۆی لاوازکردنی پێگەی ژنان و بێبەری لە مافەکانیان، تاڵیبان و ئێدئۆلۆژی ئیسلامی نەبووە بەڵکوو ھۆکاری دیکەش لەسەر ئەو دۆخە وەکوو نەریتی ھزری بەجێماو لەسانکای پیاوسالاری و باب‌سالاری یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی باشتر نەبوونی دۆخی ژنان لە ئەفغانستانە بەتایبەت لە گوندەکان و ژیانی بەرەباب کە ئێستاکەش لە سەر ھێزی خۆی ڕاوەستاوە و بوونی ھەیە، بۆ نموونە پیاو بەناوی کاسبکاری بنەماڵە و کەسێک کە خاوەنی کار و ئادایە لە شوێنی سەرتری ژن‌دا دەبێ جگەلەوە ئێستاکەش زۆربەی پیاوان لەسەر ئەو باوەڕەن کە کچان و ژنان پێویستیان بەخوێندەواری و فێرکاری نییە چۆنکە سەرەنجام دەبێ لە سووچی ماڵێک مێردداری بکەن و ھێندێکیش بەرھەڵستن لەگەڵ ڕاھێنانی کچان لەلایەن مامۆستایانی پیاو و ئەوە لە حاڵێک‌دایە کە لە ئەفغانستان لەگەڵ کەمی مامۆستای ژن ڕووبەڕوون و بەوھۆیە زۆربەی ژنانی ئەفغانستان لە خوێندەواری بێبەشن.

نزم‌بوونی ئاستی زانست و زانیاریی ژنانیش کە دەتوانین بڵێین میراتی دەورانی تاڵیبانە ھۆکارێکی دیکەیە بۆ دەستەبەر نەکردنی مافی ژنان لە ئەفغانستان، زۆربەی ژنان ھیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە مافی خۆیان و ھەلومەرجێک کە ژیانی تێدا دەکەن نییە و ناڕەزایەتی دەرنابڕن، لاواز بوونی یاسا لە دادگاکانی ئەفغانستانی وێڕای کێشەکانی تر بۆتە ھۆی ئەوە کە ژنان بەردێک لەسەر ویست ومافەکناین دابنێن، چۆنکە یاسا و دادگاکانی ژێر دەسەڵاتی پیاوان ئێزنی سەرکەوتن بەژنان نادا لە تەنیشت ئەو ھۆکارانە، ئاڵۆزی و لاوازی حکوومەت لە جێگەوپێگەی دۆخی ژنان لە ئەفغانستان بێ ئاسەوار نەبووە، تاڵیبان بەردەوام لە زۆربەی شوێنەکانی ئەفغانستان بوونی ھەبووە و بۆتەھۆی دروستکردنی ڕەپۆشێکی مەترسیدار بۆ ژنان، لەبەر ئەوەیکە تاڵیبان زۆجار قوتابخانەی کچانی بۆ ھێرشی خۆکوژی خۆی ھەڵدەبژارد و مەترسی پڕژاندنی تیزاو بەرامبەر بە ژنان لە شوێنە گشتییەکان بوونی ھەبووە، لاوازبوونی حکوومەتی ناوەندی لە ئەفغانستان بەردەوام بە زەرەری ژنان تەواو بووە.

بەتێپەڕبوونی نزیک بە ٢٠ساڵ لە ڕووخانی حکوومەتی تاڵیبان دەورانێک کە ژنان ھەڵگری قورسترین
جیاوازی و خستنە ژێر گوشارەوە لەلایەن ئەو حکوومەتە بوون، ژنانی ئەو وڵاتە توانیان تا ڕادەیەک دۆخی
خۆیان بەرەوباشی پێش ببەن کە لەو نێوانە ڕۆڵی رێکخراوە نێونەتەوەیەکان و بزووتنەوە جیھانییەکان
کاریگەر بووە، بەڵام بە ھاتنەوەی دووبارەی تاڵیبان جێگەوپێگەی ژنان زیاتر لە جاران کەوتوەتە مەترسییەوە و ئاشکرا نییە دۆخی کار و خوێندەواری ژنان دەبێ بەچی، ئایا دەبێ ژنان دووبارە حیجابی زۆرەملێی بپۆشن و لە ترسی تاڵیبان دەبێ خۆیان لە نێو ماڵەکانیان‌دا بەند بکەن و تەنانەت لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش بن.

لەماوەی ڕابردوودا زۆر ھەواڵ سەبارەت بە کردەوەکانی تاڵیبان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوە کە ناخی ھەر مرۆڤێکی ھەژاند کە چۆن ئافرەتان کەوتوونەتە ژێر گۆشاری بێ بەزەیی و دڕندانەی تاڵیبان کە تەنانەت بەزەییان بە کچوڵەی تەمەن ١٢ ساڵانەکانیش‌دا نایەت و ماڵ بەماڵ بۆ دۆزینەوەی ئەو کچانە دەگڕێن و دەیانبەن تاکوو لەخۆیانی مارەبکەن یان ئەوەیکە دایکەکان کورپەکانیان‌دەدا بە سەربازە ئەمریکاییەکان تاکوو داھاتوویەکی باشتریان ھەبێ وێنەھایەکی خۆفناک کە نیشانەی ئەوە بوو کە ژنانی ئەفغان دەبێ لەگەڵ مافی ڕاستەقینەی خۆیان لە ژیانی ئازادی کۆمەڵایەتی ماڵاوایی بکەن نموونەی ئاشکرای ئاسەوارەکانی شەڕە کە تەڕ و ویشک بە یەکەوە دەسوتێ و زۆڵم لە ھەر نەتەوەیەک دەکرێ و بە پیر و گەنج و منداڵ لە شەڕ دا دەبنە قوربانی کە تا ساڵیانی ساڵ قەرەبوو ناکرێتەوە، و ھیچ ئاشکرا نییە کە لەو دۆخە زەبروزەنگەدا ژنانی ئەفغان چۆن دیانھەوێ بۆ وەدیھێنانی مافی خۆیان ململانێ بکەن و گرینگتر ئەوەیە کە چۆن توانایی ململانێ یان دەبێ؟

بێ‌گومان لە بنەمای ھزری تاڵیبان ژنان ھیچ پێگەیەکیان نابێ، ھەرچەند کە بۆ خۆیان دەڵێن تاڵیبان، تاڵیبانی ٢٠ ساڵ لەمەوبەر نییە و جیاوازە بەڵام ئایا بیر و باوەڕێک کە بناغەکەی سەرچاوەی لە کولتووری قێزەون گرتبێ گۆڕانکاری تێدادەکرێ، دەبێ بەباشی بزانین کە ئەو جیاوازیە تاکوو ئێستا بۆ ژنان و کچان بەردەوام لە ئارادایە، بنەمای کۆمەڵایەتی کە بەپێی پێوەر و شەریعەتی ئیسلام پێناسەی پێکرابێ، ژنان زۆرتر لەبەر بەھرەی زاووزێ و ئامرازی سێکسی پیاوان دەبیندرێ و نموونەی ھەرە ئاشکرای ھەمان بردنی کچە ١٢ ساڵەکانە کە نیشانەی ئەوەیە کە لە بواری سێکسی چەندە تامەزرۆن کەوایە بێ‌ھۆ نییە کە بە ھاتنی تاڵیبان خۆف و سامێکی وەسف نەکراو داوێنگیری ژنانی ئەفغانی بۆ ژنانێک کە ڕۆچینکیان بۆ ڕزگاری لە زۆرداری پیاوسالاری ئایینی دۆزیبۆوە بەڵام ئێستاکە لە بارودۆخێکی بێ ئاسۆیی دان.

بەسەرنج دان بە بارودۆخی زاڵ بەسەر ئەفغانستاندا، بێدەنگی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بزووتنەوە
جیھانییەکانی مافی مرۆڤ ھیچ شیاو نییە و ئەگەری ھەیە ئەو بێدەنگیە زۆر شتی لەپشت بێ کە بەڵکوو لە داھاتوودو دەرکەوی چۆن لە پشت ھەر بێدەنگییەکی بەمجۆرە سیاست خۆی شاردۆتەوە و سیاسەتی دەوڵەتە بەھێزەکان شێوازی وایە بۆ ئەوەی بە زۆر ئامانج بگەن زۆر مرۆڤ دەکەنە قوربانی و بۆیان گرینگ نییە کە منداڵ بێ یا گەورە و یا وێران کردنی وڵاتێک، گرینگ ئەوەیە کە بە ئەو ئامانجەی دیانھەوێ بگەن.

جا ھەر بۆ ئەو مەبەستە چالاکوانانی مافی مرۆڤ دەتوانن بەشێوازی جۆراوجۆر زەخت بخەنە سەر بەرپرسە سیاسییەکان تاکوو بۆ باشتربوونی دۆخی ژنان لە ئەفغانستان بەشێوەی ڕامیاری و یا سەربازیی ھەنگاوێکی ئەرێنی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە و بە تایبەت منداڵان و ژنان ھەڵێنن، ھەرچەشنە ململانێی ژنان لە نێو ئەفعانستاندا بۆ دەستەبەرکردنی مافی کۆمەڵایەتی دەبێتە ھۆی توندوتیژی دژ بە ژنان، کەوابوو تەنیا ڕێگەی گۆڕینی ئەو بارودۆخە گۆشار خستنە سەر تاڵیبان لە دەرەوەیە و دەبێ ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ئامادەکارییەک بۆ ئەو بارودۆخە بکەن و دەبێ وڵاتانی ئازادیخواز و دێموکرات چارەسەرێک بۆ مافی ژنانی ئەفغانستان بدۆزنەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.