بەیاننامەی پاڵپشتی

0
کۆچکردن گوزارشتە لە تووڕەیی و ڕەتکردنەوەی دۆخی باو. ئەمڕۆ ئەوانەی ڕێگەی بیلاڕوس و ئیجەیان هەڵنەبژاردبوو بۆ کۆچکردن، لەسەرشەقامەکان سەنگەریان داناوە.
سەنگەر لەدژی نادادی و چینایەتی. خۆپیشاندانی خوێندکاران؛ تەنیا گوزارشت لە ناڕەزایەتیی توێژێک ناکات، بەڵکو ناڕەزایەتییە دژ بەو هەموو ستەمەی لە سەرجەم توێژەکانی تری کۆمەڵگە دەکرێت. ئەمرۆ گەنجەکان ئەو فاکتە مێژووییەیان دووپاتکردەوە، کە گەنج داینەمۆی هەموو بزاڤ و جوڵانەوە، و گۆڕانکارییەکی نێو کۆمەڵگەن. گەنجەکان باشترین نمایش و مانۆڕیان پیشانی ئەو دەسەڵاتە ملهوڕە دا، کە گەنجەکانی ئەم وڵاتە پاسیڤ نین و وڵات بۆ چەند عائیلەیەکی سیاسی چۆڵناکەن، گەنجەکان میراتگیریی دەسەڵات ڕەتدەکەنەوە، و دەیانەوێت لەبری کوڕی دەسەڵاتداران، خۆیان ببنە ڕابەری داهاتوومان. پەیامی گەنجەکان سەلماندنی هێز و ماتەوزەی ئەم توێژەیە. خوێندکارەکان سەلماندیان، کە ئیرادە و توانایان هەیە، دەتوانن دۆخی چەقبەستوو بشڵەقێنن و گۆڕانکاریی ڕیشەیی بکەن.
لەم سۆنگەیەوە، ئێمە کۆمەڵێک مامۆستا لە زانکۆکانی کوردستان، دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی ئەم توێژە گرنگەی کۆمەڵگە، و بەکرداریی لەگەڵیان دەبین. داواکارین سەرجەم توێژەکانی تریش بە دەنگێکی دلێر و بوێرانەوە ببنە پاڵپشتی خوێندکارانمان.
بەم کارەش ئاشتەوایی نێوان توێژەکانی کۆمەڵگە بونیاتدەنێینەوە. چونکە هەمیشە دەسەڵات درێغی نەکردووە لەوەی توێژەکان لە یەکتر دابڕێت و بیانکات بەدژی یەکتردا. ئەو کاتانەی مامۆستایان و فەرمانبەران داوای شایستەکانی خۆیان دەکەن، و ئەو کاتەی گەنجەکان و خوێندکارەکان داوای خوێندنی خۆڕایی و خزمەتگوزاریی زیاتر، و دامەزراندن دەکەن.
دەبێ هەموومان ئەو ڕاستییەمان لەبەرچاو بێت، کە هەموو ئەم داواکارییانە داواکاریی ڕەوان و خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتیی دەکات نەک تەنها توێژێک. لە ئێستاشدا ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە و بە ئەرکی دەستبەجێی دەزانین، گێڕانەوەی شکۆیە بۆ زانکۆکان، باشترکردنی کوالێتیی خوێندنە لە زانکۆ حکومییەکان. چونکە وەک لای هەمووان ئاشکرایە، ماوەی چەند ساڵێکە حکومەت لەبەر بەرژەوەندیی کەرتی تایبەت، زانکۆ حکومییەکانی پەراوێزخستووە و هیچ پاڵپشتییەکی دارایی زانکۆکان ناکرێت، هەر لەنەبوونی کەرەستە و پێداوسیتیی بنەڕەتیی خوێندن و هۆڵەکانی وانەوتنەوە، تا دەگات بە شوێنی مانەوەی گونجاو بۆ خوێندکارانی بەشەناوخۆییەکان.
دواجار دەبێت خوێندکارە ئازیزەکان ئەو ڕاستییە بزانن، کە زۆرینەی مامۆستایانی زانکۆکان هاوسۆز و هاوخەمیانن، و چارەنووسێکی هاوبەشمان هەیە. زۆرینەی مامۆستایان بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و مەعریفیی ئێوە بە زەروور دەزانن، و لەپێناو بەدیهێنانی سەرجەم ئامانجەکانتاندا، لەگەڵتانین. داهاتوو بۆ ئێوەیە..
کۆمەڵێک مامۆستای زانکۆ
Leave A Reply

Your email address will not be published.