کرێکارانی سکای ستی لە هاملتۆن دەستپێکی ناڕەزایەتی کرێکارییەکانی ساڵی نوێیان کردەوە

0
کامەران احمد
هەر لە یەکەمین ساتەکانی دەستپێکردنی ساڵی نوێی ٢٠٢٢ و بە دیاریکراوی لە ١٢:٠١ خولەکدا کرێکارانی بەشی خزمەتگوزاری خواردن و خواردنەوە لە سکای ستی لە هاملتۆن – ئەمریکا یەکەمین زەنگی ناڕەزایەتی کرێکارییان لێدا و توڕەیی خۆیان دژ بە کەمی کرێ دەربڕی و خوازیاری هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە شوێنە گەشتیارییەکانی تر بوون. سەرەتاکانی ساڵێکی نوێ‌ی پڕ لە کێشمەکێش و توندبوونەوەی زیاتری ململانێ‌ی چینایەتی، و بێدەنگ نەبوون لە بەرامبەر نادادپەروەرییەکانی سیستمی سەرمایەداری پیشانی هەمووان دایەوە.
ناڕەزایەتی کرێکاران تەنها دوای یەک خولەک لە دەستپێکردنی ساڵی نوێ پەیامێکی گەورەی چینایەتی‌یە و درێژکراوەی هەمان ئەو خۆپیشاندان و مانگرتنانەیە کە ماوەیەکە بە گوڕو تینێکی چینایەتی مەزنەوە ڕووداوەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ ی لەنێوخۆی ئەمریکا نەخشاندووە. بە پێ‌ی دواین لێدوانی ناوەندی بەدواداچوونی ناڕەزایەتیەکان تەنها لە ٢٠٢١دا ئەمریکا زیاد لە هەزار مانگرتنی کرێکاریی لە شوێنە جیاجیاکان بەخۆوە دیوە کە دیارترینیان مانگرتنەکانی کرێکارانی کۆمپانیاکانی کیللۆگ، نابیسکۆ، زیاد لە سەد هەزار کرێکارانی کەرتی تەندروستی، زیاد لە دە هەزار کرێکارانی کۆمپانیای جۆن دیریی، شەست هەزار کرێکارانی شانۆ لە هۆلیود …هتد بوون.
سەرمایەداریی سیستمێکی مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگە کوژە، لە کاتێکدا لە سەرەتاکانی ساڵی پاردا زیاد لە ١٠٠ ملیۆن مرۆڤ ڕۆچوونە ئەوپەڕی هەژارییەوە بەڵام لە هەمان کاتدا سامانی تەنها ١٠ کەس لە لوتکەی هەرە ملیاردێرەکان بە بڕی ٥٠٠ ملیار دۆلار زیاد کرد. ئیلۆن مەسک وەک هەرە دەوڵەمەندترین سەرمایەداری ئەمریکی( خاوەنی ٣٠٠ ملیار دۆلار) تەنها لە ساڵی پاردا سەرمایەکەی بە بڕی ١٢١ ملیار دۆلار زیاد کردووە، بێرنارد ئارنۆڵت وەک دەوڵەمەندترین سەرمایەداری ئەوروپیی سەرمایەکەی ٦١ ملیار دۆلار زیاد کردووە لە ساڵی پاردا.
بە پێچەوانەی دۆرۆ دەلەسەی دیموکراسیی بۆرژوازیی، کە هاوڵاتیان یەکسانن و هەمان ماف و ئەرکیان هەیە بە پێ‌ی یاسا، کۆمەڵگا دابەشبووی دوو چینی دژ و بەرامبەر یەکە، کە کەمینەیەکیان خاوەنی هەموو شتێکە لەکاتێکدا هیچ بەرهەمێکی نییە، لەگەڵ چینێکی مەزنی کۆمەڵایەتی کە خوڵقێنەرو بەرهەمهێنەری هەموو سامانی دنیایە و کەچی خۆی خاوەنی کەمترین و کەمترین پێداویستییەکانی ژیانکردنیەتی.
Leave A Reply

Your email address will not be published.