بەعس و ئێوە چ جیاوازیەکیان هەیە ؟

0
ڕۆژ ‌‌عزیز 
دارودەستەکەی بەعس نەماوە بەس هەر بەهەمان یاسای بەعس خەڵکی نارازی دادگای دەکەن . بەراست بەعسیەکان ئەم جلوبەرگەیان لەبەر خۆپیشاندەرانی نارازی بە دەسەڵاتەکەی ئاوا لێ دەکرد ؟ هەرکەس ئەم وێنانە ببینێت واهەست دەکات گوانتانمۆیەو تیرۆریستەکان گیراون . هەرکەس ئەم وێنانە ببینێت واهەست دەکات داعشن .
ئەمانە تەنها تاوانیان ئەوەیە کە کتێبخانەو باڵەخانەی حکومیان سوتاندوە .
کۆشک و تەلارەکانتان بەقوتی خەڵک دروست کردوە کەچی لەسەر کۆشکەکانتان کە بەدزی بەرزتان کردۆتەوە خەڵکی بەم جۆرە لێدەکەن تا چاو ترسێنیان بکەن نارەزایەتی دەرنەبڕن نەیەنە مەیدان . دیمەنی دانپێنانی ئەم کۆمەلە گەنجە ئەو راستیە دەسەلمێنێت هەم بۆ چاو ترساندنی خەڵکی نارازیەو هەم بەعس ئاسایەو بەیاسای بەعس ئەم حوکمەیان بەسەردا دەدەن .
بەراست شەرم لەخۆتان دەسەڵاتتان ناکەن ؟ ئەی مەگەر ئێوە نەبوون ئیدانەی حوکمدراوانی بادینانتان دەکرد ؟ خۆ ئەوەی ئێوە کردتان وبەم جۆرە جلی پرتەقاڵیتان لەبەری دەنگی نارازی خۆپیشاندەران کرد پارتی ئەمەی نەکرد کە دڵنیام هەردولاتان بەیاساو قانونەکانی بەعس خەڵکی نارازی دادگای دەکەن .
بیرتانە دۆست ولانەگران و ئەندامانی حیزبەکانی خۆتان بەعس بەم جۆرە دادگای دەکردنو دواتریش حوکمی هەتا هەتایی یان حوکمی چەند ساڵە یان حوکمی ئیعدامیان بەسەردا دەدان .
ئەم کردەوەیەتان تەمەنی دارودەستەی نەگریستان و سەرکوتگەریتان کەم دەکاتەوەو دەنگی نارەزایەتی زیاتر قوڵپ دەدات .
نیشانی دان ئەم جۆرە وێنەو ڤیدیۆیانە بۆ چاوترساندنە کە ئیوە پیشانی خەڵکە نارازیەکەی دەدەن کە ئێوە قوتیتان داگیر کردوە و خەریکی دزی و تاڵانین . ئێ ئێوە خەریکی دزی و تالانچێتی بن داهاتیان بدزن بێگومان خەڵک تورەیەو دێتە سەر خیابان و لەتورەیدا باڵەخانەو کتێبخانەش دەسوتێنێت .
باڵەخانەو کتێبخانە هێندە نرخیان نیە تا ئێوە گەنجەکان بەم جۆرە لێ بکەن . داوەشین و داڕزینە دەسەڵاتێک بەم جۆرە خەڵکی هاوزمانی ئاوا لێ بکات . ئێ بۆ لۆمەی دوژمنەکانتان دەکەن ئێوە دوژمنی خەڵکی کوردستانن و رووی بەعس دەوڵەتانی ناوچەکەتان سپی کردۆتەوە .
ئەم کارە قێزەونەتان سیمای دزی وتالانچێتی و سەرکوتگەریتان ئەوەندەی دیکە ناشرین دەکات . داهات و قوتی خەڵک دەدزن کە دێنە سەر خیابانیش یان بەم جۆرەیان لێ دەکەن یان بەڵتەچیەکان وەک سەگی هار بەردەدەنە گیانیان و خوێنیان دەڕژن . هەر بەراست بەعس وەک ئێوە نەبوو ؟
پرسیارتان کردوە لەخپتان کە ئەم جۆرە کارانە بێجگە لەکورت کردنەوەی تەمەنتان هیچی دیکە نیە ؟. بیرتانە بەعسی هارو درندە ئەم جۆرە کارانەی ئێوەی دەکرد دواجار ، رقی پەنگخواردوی جەماوەری تەفروتونای کردن . چارەنوستان لەوان باشتر نابێت درەنگ بێت یان زوو .
خەڵکی ئازادیخوازو ئینساندۆست و جەماوەری ناڕازی کوردستان ، لەبەرامبەر ئەم کردەوە ناشرینەی یەکێتی و ئاسایشەکەی وەرنە دەنگ بێنە مەیدان ودەنگی نارەزایەتی دەرببڕن . ئەم کردەوەیە ئەگەر بۆیان جێبەجێ بکرێت ئەوە سبەینێ هەریەک لە ئێمە بێتە سەر شەقامەکان بەم جۆرەمان لێ دەکەن .
سەرانی دوو بنەماڵەی دزو تاڵانچی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان شان بەشانی یەکتر حوکمی بەعسیانە بەسەر خۆپیشاندەران و رۆژنامەنوسان چالاکواناندا دەسەپێنن .
رێگە مەدەن ئەم حوکم و نمایش ترساندنە جێبەجێ بکەن . ئەمانە هەربەهەمان یاسای بەعس مامەڵە لەگەڵ دەنگی نارازیدا دەکەن . هەرکی هەر ئینسانێکە دڵی بۆ ئازادی ژیانێکی باشتر لێ دەدات لەئاست ئەم نمایشە ترسناکە قێزەونەی ئاساشی سلێمانی بێ دەنگ نەبێ نارەزایەتی دەرببرێت. با شارو شارۆچکەو گەرەک و شوێنی کارو ژیانمان چ لە دەرەوەو ناوەوەی کوردستان بکەینە مەیدانی نارەزایەتیمان .
کاتێک گیراوانی بادینان زیندانی کران و حوکم دران هەندێک کەس پێیان وابوو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان باشترە ، ئەوسا ئێمە وتمان هیچ جیاوازیان نیە هەردوکیان سەربە یەک خانەوادەی بورجوازی کوردین سەربەیەک قوتابخانەی کوردایەتین . رەنگە ئێستا بۆیان دەرکەوتبێت هیچ جیاوازیان نیە هەردوکیان دوو حیزب و دوو بنەماڵەی سەرکوتگەرن ..
Leave A Reply

Your email address will not be published.