“دیوە تاریک و ترسناک و خنکێنەرەکەی دەسەڵات”

0

دەسەڵاتی داپڵۆسێنەر و دووفاقیی بەرپرسان
دەسەڵاتی پێگە و دەرفەت و دەستکەوت
دەسەڵاتی هەڕەشە و کوشتار و ستەم

ڕێڤان جاف

ئەڵێن گەورەترین هەژارییەک لە دونیادا ئینسان گیرۆدەی بێت، لەدەستدانی باوەڕە جا ئیتر بە ڕەوتی ئایدۆلۆژیا و سیاسەت و فکر و دەسەڵات بێت یا بە کەسایەتیی و ڕەفتار و گوفتاری بەرپرسان و ڕابەرانی باڵادەست بێت، بە سیستەم و پرەنسیپ و یاسا و پێوەرەکەنیان بێت بە تایبەتی لە کاتێکدا ( دەسەڵاتی یاسا بستێک ڕێنەکات و یاسای دەسەڵات حوکم بکات.)
گەورەترین دۆڕانێک مرۆڤ لە ژیانیدا تووشی بێت، دۆڕان پلەوپایە و ماڵ و سامان نیە بەڵکو لە دەستدان و دۆڕاندنی مانای کۆنکرێتی ئەو وشە و دروشمە گەورانەیە کە خەون و هیوامان بوو، کە بۆ ئەنجامدانی هەر هەنگاوێکی گیان لەسەردەست و ئامادەبووین بۆیان بمرین.
ئەوسا بە دروشمی شۆڕش و خەبات، کوردایەتیی و نیشتمان پەروەری، بە گیانێکی خۆنەویست و دڵێکی بێگەردەوە، بە ویژدانێکی زیندوویی برایەتیەوە، بە دەست و داوێنی پاکی خەبات و ڕزگاریی و ئازادییەوە گۆشکراین.. ئێمە هەر لە ئەزەلەوە، بە فیترەت و خۆڕسک دژایەتی لەگەڵ ناعەدالەتی و نادادیی دەسەڵات لە خوێنماندا بوو.
ئەوسا خەونەکان بۆ ژیان و داهاتوویەکی گەش بوو، بۆ پاراستنی ئازادی تاک و دیموکراتی خاک و وڵات بوو دوور لە بەزاندنی سەروەریی نیشتمان و شکۆ و کەرامەتی تاک.
ئێستاش کەرامەتی تاک پێشێلدەکرێت، خەونەکانیان لە گۆڕدەنرێت، ئێستا ئەوەی هەیە پێچەوانەی ئەو ڕستە و دروشم و ئایدیایانەی دوێنێ یە.
ئەوسا و ئێستاش لە شۆڕش و ڕاپەڕیندا، بەسەردەقی هەموو قۆناغێکی نوێ لە خەبات و دەسەڵاتدا، لە کاولکاری و ئاوارەیی و دەربەدەریدا، لە قوربانیی و خوێنی ڕژاوماندا، هەمیشە بۆ ڕەنگێ دەگەڕاین بە ڕەنگی پەلکەزێڕینە، بە ڕەنگ و ڕوخساری خۆر و شەبەنگی بینراوەوە، بە ڕەنگی وزەی ئەرێنیی و نوێبوونەوە، بەڕەنگی هاندان و داهێنانەوە، بە ڕەنگ و بۆنی خەونە دوورەکانەوە بەڵام هەم ڕەنگی خۆمان دۆڕاند، هەم هیچی تریشمان نەدۆزییەوە. لە کۆتایدا وەک گرمەیەکی قەبە و بێمانای ئاسمان بە تۆپزیی و زەبروزۆری گورزێکی تاقەت پڕوکێنەوە، بە زەرداوی زام و برینێکی نەسرەوتەوە، بە سام و داچڵەکینی شۆکێکەوە، شۆکێکی توند و پڕ شکستی جەرگبڕەوە وەک هێزێکی نائومێدی لە ناوەوە ڕاییانوەشاندین، وەک تەزوویەکی بەهێز و سەرسەخت هەموو مێژوویان ڕاچڵەکاند.
بە درێژایی مێژوو چاوەڕێی دەسەڵات و حوکمڕانی خۆماڵی بووین، وامان زانی ئەگەر ڕۆژێک دەسەڵات و دەسەڵاتداری خۆماڵیمان هەبێت ئەوە ڕۆژی ئازادیی و ڕزگاری و شادیی و سەرفرازی و ژیانێکی زامنتر و خۆشتر و پاشەڕۆژمان لە دوێنێ ڕوونتر و هێمنتر و جوانتر دەبێت.
ئەوە ئەو ڕۆژەیە کە بە تەرازووی ئینساف و پێوەرەکانی ڕەوشت و ویژدانەوە، بە بڕیاری عاقڵانە و دانایانە، حەکیمانە و واقعیانە، بە خوێندنەوە و تێفکرین، سەرنجدانی ژیان و بەراوردکردنی قۆناغەکان بەرنامەڕێژیی و کاری پێئەکەین.
بەڵام بەداخەوە لەم جێگا پەککەوتە و لاکەوتەیەیی جوگرافیادا، لەم پارچە پڕ کێشمە کێش و بریندارەی سەرزەمیندا لە جێگەی جەوهەرە ڕاستەقینە و ڕاست و دروستەکەی دەسەڵات گۆمێکی قووڵ و گەورەی لیخنی هەڵپژان و بەریەککەوتن، بێنەزمی لە ئاڵۆزی و بارگرژی، توندڕەوی و ناکۆکی و یەکترسڕینەوە قووڵتر جێگەی خۆی دەگرێتەوە، تاعونێکی نەگریسی ترسناک لە دەرگای ستەم و ناعەدالەتی و گەندەڵی و قۆرخکاری دەسەڵاتەوە بە تەواوی جومگە و ئۆرگانەکانیەوە توند توند، خێراخێرا بڵاودەبێتەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ بە مەترسی نمایشی دەمامک و دەموچاوەکانەوە لەسەر یەک شانۆ و یە تەختی نمایش بە ئەکتەربازییەکی بەرز و باڵای هونەرەوە، هونەرەکانی ڕسواکردنی میللەت زیاتر و زیاتر نمایش دەکەن، بە مۆتەکە و دێوەزمە ڕەشەکانی نائومێدی توندتر دەستیان دەخەنە بینمانەوە. سکاڵا و هاوار و فیغانی ئەم خەمە گەورەیە، ئەم هەموو کارەسات و مەترسیە، ناڕەزایی و ڕەخنە و گلەیی و گازندەی ئەم هەموو نادادیی و پێشێلکارییە، ئەم هەموو پێشنیار و پێشنیاز و سەرنج و تێبینیانە هەر هەموویان بە ڕەنگی( خەم ) خەمێکی قووڵ و دڵتەزێن، پێچ و لۆچی ئازارێکی زۆرەوە ڕەنگکراون.
بە ڕەنگی ترسێنەر و تۆقێنەر و وەڕزکەری دووبارەی مەرگەوە.
بە ڕەنگی پووکانەوە و لە بنبردنی خەون و مەوداکانی ئومێدەوە.
بە ڕەنگی بوغز و کینەی خۆخۆیی و خۆپەسەندیەوە، بە سوکایەتیی و بێڕێزی هەموو ماهیەتی ئینسانەوە.
ئەم هەستە ترسناک و خنکێنەرانە، ئەم فریودان و بەلاڕێبردنانە، ئەم ڕۆژە خۆڵەمێشی و بێڕەنگ و پڕ گومانانە هەرهەموویان زەنگێکی گەورەی مەترسی لە دڵماندا، سڵێکی گەورەی نەبڕاوە لە گیانماندا دروستدەکەن کە دەسبەردارمان نابن، هەمیشە بەرەو هەنگاوی سەرەتا و خاڵی دەستپێکردنێکی نوێ دەممانگەڕێنێتەوە.
ئەوان، تەنیا جارێک ویستیان تەپ و تۆزی مێژوویەکی تاریک بتەکێنن، لاپەڕەی ڕەشی مێژوو دەربهێنن و بیدڕێنن.
ئەوان، تەنیا جارێک لە خەوی خەفڵەت و تۆڕی جاڵجاڵۆکەی دەسەڵات ڕاچەنین و ڕاچڵەکین.
ئەوان، تەنیا جارێک لە بێباکی و غرور و کەمتەرخەمیتان، ڕەگ و ڕیشەی بێڕەنگییان لە بن هەڵکێشا و هاتنەگۆ.
بەڵام ئێوە بە چ لۆژیکێکی بەدبەختانە و بێئینسافانە، بە پانتایی چ جەبەرووت و تەکەبوور و خۆبەزلزانی و چاوچنۆکی دەسەڵاتەوە لە یەک کاتدا بۆ خاترگرتنی دوژمنان و جەللادان، جینایەتکار و قوربانی، ستەملێکراو و ستەمکار، تاوانبار و تاوانلێکراو لە یەک هاوکێشەدا ڕیزکران کە هەرگیزاوهەرگیز هاوئەنجام نابن، بە چ ویژدانێک لە یەک کاتدا سەری ڕێزییان بۆ نەویکرا، بە چ یاسا و بیردۆزێک لە یەک کاتدا کار و کاردانەوە ، گیانی پاک و پیسییان تێکەڵ و یەکسان کرا.
ئێوە بە درێژایی مێژووتان بە وەهم و تارمایی و فەنتازیا و خەیاڵپڵاویی عەدالەت و یەکسانی، کوردایەتی و نیشتمان پەروەری، ڕزگاری و ئازادی ، دیموکراسیتان خۆڵی گەمژەیی ئەکەنە چاو و کوانووی خەبات و کوردایەتی نەک هەر سارد دەبێتەوە بگرە کوێریش دەبێتەوە.
تکایە !با خوێنی ڕژاومان، با خەبات و شۆڕشمان، نەهامەتیی و دەردەسەریمان نەبنە هەمانەیەکی بۆش و بەتاڵ.
با بەرپرسیارێتی و بەڕێوەبردن و دەسەڵاتتان نەبنە جەنجەڕێکی لەق و لۆق کە بە دەوری خۆیدا دەسوڕێتەوە و هیچیش بە ئەنجام ناگەیەنێت.
با حوکم و فەرمان و بڕیارتان لە توند و تیژیی و مەجازی و سەیروسەمەرەییدا نەگەنە چەمک و شێوەی حوکمی قەرەقوش.
تکایە!.
Leave A Reply

Your email address will not be published.