هێرشی سەربازی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا

0

 

محسین کەریم

هێرشی سەربازی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا روداوێکی سەیر و چاوەڕوانکراو نیە. بەشێکە لە روداوەکانی دنیای دەورانی کۆتایی هاتنی یەك جەمسەری و شكڵگرتنی دنیای فرە جەمسەری ئیمپریالیستی.

لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا ئەمریکا چەندین هێرشی سەربازی کردو چەند ووڵاتی داگیر کرد بەو ئامانجەی کە سەرکردایەتی خۆی بۆ جیهانی یەک جەمسەری درێژە پێبدات.

هێرشەکانی بەناوی دژایەتی دیکتاتۆرەکان و تیرۆریزم و پاراستنی یاسا نێودەولەتیەکان و هێنانی دیموکراسی بۆ سەر ئەو ووڵاتانە بەڕێوە دەبرد.

گومان لەوەدا نیە کە ئێستا هەموو کەسێك دەزانێ ئاکامی ئەو کارانەی ئەمریکا بێجگە لە کارەسات هیچی دیکەی بۆ دنیاو بۆ ئەو ووڵاتانەو خەڵکەکانی نەهێناوە.

لەم ماوەیەدا هەرچی زیاتر ئەوروپا لەژێر سەرکردایەتی ئەمریکادا یان هاتونەتە دەرەوە یان مەیلی هاتنەدەرەوە بەشێوەیەکی فراوان نیشان داوە.

نە بلۆکیكی سیاسی- ئایدیۆلۆجی و ئابوری بەناوی رۆژاواوە ماوەو نە شتێكیش بەناوی(ناتۆ)وە لەڕووی کرداریەوە ماوەتەوە.

لەو لاشەوە ڕوسیا وەکو وڵاتێکی ئیمپریالیستی و خاوەن پێگەیەکی سیاسی- سەربازی لە ئاستی جیهاندا کە بەرە بەرە لەژێر باری داڕمانی ئابوری دوای روخانی بلۆکی رۆژهەڵاتدا پشتی ڕاست کردۆتەوە، لەپاڵ سەرهەڵدانی ئابوری وڵاتی چین کە پێگەیەکی گەورەی لە نەخشەی ئابوری جیهاندا داگیرکردوەو بووەتە ڕکابەری ئەمریکا لەڕووی ئابوریەوە کە تا ئێستاش گەورەترین ئابوری دنیا پێك دەهێنێ، پێکەوە دەیانەوێ نەخشی کاریگەریان هەبێت لە داڕشتنەوەی نەخشەی ئابوری- سیاسی- سەربازی جیهاندا و وەکو دوو جەمسەری بەهێزی ئابوری سەربازی ئیمپریالیستی لە دنیای فرەجەمسەری داهاتوودا پێگەو جێگەی خۆیان قایم بکەن.

 

ئەم هێرشەی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا پەیامێکە لە بنەڕەتدا بە ئەمریکا تا تێی بگەیەنێت کە ئیتر سەردەمی سەرکردایەتی ئەمریکا بۆ جیهانی سەرمایەداری کۆتایی هاتوە.

ئەو سەردەمە کۆتایی هاتوە تا ئەمریکا بە ئارەزووی خۆی و بەپێی بەرژەوەندیە سیاسی- ئابوریەکانی خۆی دەستێوەردانی سەربازی لەهەر شوێنێك ویستی، بکات.

پەیامێکە تا پێی بڵێ سەردەمی پەیمانی ناتۆ بەسەرچوەو ناتۆ ئەو هێزو بلۆکە سەربازیە نەماوە کە بتوانێ بەر بە پێشڕەویەکانی ڕوسیا بگرێت.

هەروەکو ئاگادارکردنەوەیەکە بۆ ووڵاتانی ئەوروپا کە چیتر ناتوانن لەپاڵ ئەمریکادا بەرگری لە بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیەکانی خۆیان بکەن و بەناچاری دەبێ پێگەو دەوری نوێی ڕوسیا لە ئاستی دنیاو لە ئاستی ئەوروپادا قبوڵ بکەن و مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.

خەڵکی ئۆکرانیا لەم کێشمەکێشەدا بوونەتە قوربانی سیاسەتی ملهوڕانەو بەرژەوەندخوازانەی هێزە ئیمپریالیستیەکان.

بیانوەکانی ڕوسیا بۆ بەرگریکردن لە سەربەخۆیی خەڵکی دوو ناوچەی دۆنیتسك و لۆگانیسك بەهەمان ڕادەی بیانوەکانی ئەمریکا دەربارەی بوونی چەکی کۆمەڵکوژ بۆ لێدانی سەدام واقعیە.

ڕوسیا دەیەوێ لمۆزی ناتۆ بشکێنێ و لە سەر سنورەکانی خۆی دوور بخاتەوە. ئەگەر سەردەمێك ئەو هێزەی نەبوو وە ناچاربوو لەرێگای دیپلۆماسیەتەوە لەگەڵ ئەمریکاو ئەوروپادا بەر بە کشانی ناتۆ بۆ سەر سنورەکانی بگرێت، ئێستا بە زەبری هێز ئەو کارە دەکات. ئەم شەڕە شەڕی دەوڵەت و هێزە ئیمپریالیستیەکانەو هیچ ڕەواییەکی تێدا نیە.

بیانوەکانی ڕوسیا بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا و داگیرکردنی ئەو وڵاتە پووچن. دەبێ دەستبەجێ هێرشی سەربازی بۆ سەر ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە کۆتایی بێت.

دەبێ خەڵکی ئۆکرانیا و ناوچەکە لە کارەسات و شەڕ و ماڵوێرانی دووربخرێنەوە. خەڵکی ئازادیخوازی جیهان دەبێ روبەروی ئەم ملهوڕی و میلیتاریزمەکردنەی دنیا بوەستنەوە.

بەرەی خەڵکی ئازادیخواز بێگومان جیاوازە لەبەرەی ئەمریکاو دەوڵەتانی رۆژاوا کە فرمێسکی تیمساحی بۆ خەڵکی ئۆکرانیا دەڕێژن و دەیانەوێ خۆیان بکەنە بەرگیکاری ئەو خەڵکە. ئەوانیش بەشێكن لەو تارماییە ڕەشەی کە تا جیهانی بەرەو ئەم بارودۆخە کێشکردوەو ئایندەکەشی تاریكتر دەکات.

Leave A Reply

Your email address will not be published.