ئابووریی سەرمایەداری ناتوانێت بەبێ جەنگ بژی!

0
کامەران ئەحمەد
لە کاتێکدا جیهان بە ڕامان و دڵەڕاوکێوە ئەڕوانێتە بەرەپێشچوونە مەترسیدارەکانی جەنگ لە ئەوروپا، پریشکی شەڕ و لێکەوتە وێرانکارییەکانی هەر لە یەکەمین ڕۆژەکانی هەڵگیرسانیەوە ئاماژە بە شەڕێکی خوێناوییانەی سەخت و درێژخایەن ئەکەن.
حکومەتەکانیش هەر لە ئێستاوە بۆ ئایندەی شەڕێکی کۆتایینەهاتوو، جبەخابە و هێزەکانی خۆیان ساز و ئامادە ئەکەن. ئابووریی ئەمریکا کە لەسەر بنەمای چەوساندنەوەی کرێکارانی ناوخۆ و شەڕە کۆتایینەهاتووەکان لە دەرەوە ژیان ئەکات، هەرئێستا بە دوای جێگرەوەی شەڕەکانی ئەفغانستان، عێراق، لیبیا و یەمەندا ئەگەڕێت.
گەرمکردنی بازاڕی فرۆشی چەک، و پێشبڕکێکردن لە دابینکردنی سیستمی بەرگریی موشەکی و ناوەکی، خۆسەپاندن لە باڵادەستییەکانی نێو هاوپەیمانیی ناتۆ، پێداویستییەکانی هەڵسانەوەی ئەم دەورەیەی ئابوریی سەرمایەداریی ئەمریکان لە پاڵ فرۆشییەکانی بەرهەمی غاز لە جێگرتنەوەی داخستنەکانی بۆرییە دابینکەرەکانی ڕوسیا بە ئەوروپا کە بەمەش زۆرترین سوودمەندی ئەم جەنگە کاولکارییەیە.
لە پاڵ ئامادەسازییەکانی ناتۆ و پەیامە دوایینەکانی لە هێنانەپێشەوەی زیاد لە ٤٠ هەزار سەرباز بۆ بەرگری لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ئەندامانی ناتۆ، هەرلە ئیستاوە چەندین دەنگی سیاسی، لە نێویاندا لێدوانەکانی ماکرۆن بۆ خۆئامادەسازیی جەنگی درێژخایەن و وتەکانی جۆنسۆن و چەند ئەندام پەرلەمانێکى بەریتانیا لە لاوازیی هەنگاوەکانی فشارخستنە سەر ڕوسیا، باس لە دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی زیاتر وەک هەنگاوی یەکەم لە ڕێگای فڕۆکەی شەڕکەر و ئاسمانەوە، و پەلکێشکردنی ئەوروپا و بەرفراوانکردنی دامێنەی جەنگێکی ماڵوێرانکەر ئەکەن. هەرئیستا لە دابینکردنی وڵاتانی ئەوروپا بە پڕچەککردنی ڕژێمە نیو نازییەکەی ئۆکرانیا ئاماژەی تێوەگلانی ولاتانی ئەوروپان لە جەنگەکە و لەگەڵ بەرەوپێشچوونە چاوەڕوانکراوەکاندا ئایندەی ژیان لەسەر گۆی زەوی ئەخەنە بەردەوام چڵێسی و بەرژەوەندییە ئابورییەکانی سیستمە دڕندەکەیانەوە.
پوتن لە لێدوانەکانی دووەمین ڕۆژی پەلاماردانەکانی بۆسەر ئۆکراینا رایگەیاند بەهیچ جۆرێک نابنە مەترسی بۆ سەر بنەماکانی ئیستای سیستمی ئابوریی جیهان و بە هەموو تواناوە هەوڵی ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ سەرمایەدارانی دەرەوە و نێوخۆی ڕوسیا ئەدەن. هەربۆیە کرێکاران هیچ بەرژەوەندییەکیان لەم جەنگ و کوشتارانەدا نییە و شەڕی بەردەوام و ڕاستەقینەی ئێستایان لەگەڵ سیستمی نادادپەروەرانەی سەرمایەدارییە کە هەر ڕۆژە بە بیانوویەکەوە، لە پێناو پاراستنی سیستمی خاوەندارێتیی تایبەتی پەلکێشی نێو ئاگری چەوساندنەوە سەرکار، جەنگ و کوشتاریان ئەکات.
ناڕەزایەتییەکانی دژی شەر لە هەڵکشان و بەردەوامیدان!
ناڕەزایەتییەکانی دژ بە جەنگیش زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپای گرتووەتەوە. هەر لە یەکەمین ڕۆژەکانی پەلاماردانەکانی ڕوسیا بۆسەر ئۆکراینا لە نێوخۆی ڕوسیا ،ناڕەزایەتیی هەزاران کەسی لە مۆسکۆی پایتەخت و چەند شارێکى تر بەڕێوەچوون، لە زۆرێک لە شارەکانی ئەوروپا، یابان، لە بەردەم باڵوێزخانەکانی ڕوسیا ناڕەزایەتی دژ بە جەنگ بەڕێوەچوون و سەرکۆنەی پەلاماردانەکانی ڕوسیایان کرد. تاکو ئێستا بەسەدان چالاکوان لە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژانی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕوسیاوە دەستگیر کراون.
لە نێو دەستگیرکراوەکاندا، کرێکارانی کەرتی تەندروستی، ڕۆژنامەنووس، کرێکاران و کارمەندانی بیناسازی، و چەندەها خوێندکار و مامۆستا بوونیان هەیە.
Leave A Reply

Your email address will not be published.