پەروەردەو فێرکردن لە کوردستان لەمەترسیدایە!!

0

وەلید محەمەد

پەروەردەو فێرکردن چیە؟

پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن پرۆسەیەکە تیوری و پراکتیکیە، مامەڵەی مامۆستا لەگەڵ فێرخواز لە ژینگەیەکەوە بۆ ژینگەیەکی تر لە فێرخوازێکەوە بۆ فێرخوازێکی تر لە شوێنێکەو بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت و جیاوازە. ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگە و دایک و باوکی فێرخوازان ڕەنگدانەوەی لە پڕوسەی پەروەردە و فێرکردن هەیە. فێرخواز کێیە؟ فێرخواز یان قوتابی ئەو کەسەیە خوێندن دەکات بە پیشە لە پێناو فێربوونی زانست و زانین.

پێویستە منداڵ لە ماڵەوە لە خێزانەوە پەروەردە کرابێت و ئامادەکرابێت بۆ قوتابخانە.

قوتابخانە یان خوێندنگە چییە؟

لە ڕووی پەروەردەییەوە خوێندنگە تەنها دەزگایەکە خوێندکار دەخاتەسەر ڕێچکەی پەروەردەیەکی ڕاست و تەواوکاری پەروەردەی ماڵەوە دەبێت. لە قوتابخانە قوتابی ڕێچکەی پەروەردەیەکی دەزگایی وەردەگرێت.

قوتابخانە هیچ کات دەزگایەکی تەواو پەروەردەیی ڕووت و تەواو نییە و مامۆستا لە قوتابخانە و لە پۆلێکی زیاتر لە ٣٠ قوتابی فریای ئەو بابەتانە ناکەوێت و ناتوانێت وەک پێویست وانەکەی بگەیەنێت و فێرخوازان فێربکات.

چۆن فێرخواز مامەڵە لەگەڵ قوتابخانە دەکات؟ فێرخواز مامەڵە لەگەڵ قوتابخانە دەکات وەک شوێنێکی فێربوون و پەروەردە، قوتابی ئەوکاتەی لە قوتابخانەیە ڕەنگە بارگاوی بێت بە سیستەمەکە”پەرەردە و فێرکردن” بەڵام کەلە قوتابخانە دەچێتە دەرەوە خاڵی دەبێتەوەو دەبێتە کەسێکی بازاڕی و دەچێتە سەر مەوجەکەی خۆی و هەموو شتێک کە لە قوتابخانە فێربووە لەبیردەکات. قوتابخانەش هەر ئەوەندە تواناو ووزەی تێدایە.

ئینجا قوتابی یان خوێندکاری واهەیە خوێندنی نەکردوە بە پیشە. ڕاستە قوتابی مافی خوێندنی هەیە بەڵام ئەرکیشی هەیە.

ئێستا وای لێ هاتووە نەک قوتابی هەمووان داوای ماف دەکەین بێ ئەوەی بزانین ئەرکمان چییە!

جا کە خوێندکار یان قوتابی ئەرکەکانی خۆی جێ بەجێ نەکرد. کەسێک نیە خوێندنی کردبێت بە پیشە کەسێک خوێندن دەکات بە پیشە ئەرکەکانی خۆی جێ بەجێ بکات. لێ ئێستا وای لێ هاتووە خوێندکار بووەبە هەڵگری کتێبەکانی و ماڵەوە بەزۆر دەینێرن بۆ قوتابخانە تەنها بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەک لە کۆڵیان بنەوەو لەژاوەژاویان ڕزگاریان بێت، ئەمەش خالێکی زۆر لاوازی سیستەمی پەروەردەیە لە کوردستان. پێویستە خوێندکار لە ژێر چاودێری هەر دوو خێزاندا بن چ خێزانی ماڵەوە و چ خێزانی قوتابخانە بۆ ئەوەی سەرکەوتووبێت و بەباشی پەروەردەبکرێت. ڕوڵی خێزان چییە لە پرۆسەی پەروەردەدا؟

خێزان یەکەم قوتابخانەیە بۆ پەروەردەی منداڵ و منداڵ هەر لەخێزانەوە زمانی دەپژێ بۆ قسەکردن. هەر لە دایک و باوکەوە فێری خوڕەوشتی و پەروەردە دەبێت. ئەگەر قوتابی لە ماڵەوە پشتگوێ بخرێت، لە قوتابخانە فێر نابێت.

وەئەگەر لە قوتابخانەش پشتگوێ بخرێت، دیسانەوە فێر نابێت. سیستەمی نوێی خوێندنیش جەخت لەسەر پەیوەندیەکی توندوتۆڵ دەکەنەوە لە نێوان مامۆستا و دایک باوکی فێرخوازاندا.

بەڵام بەداخەوە ئەمەش بەباشی ڕەنگی نەداوەتەوەو لە زۆربەی قوتابخانەکاندا کاری پێناکرێت. بارودوخی ئێستای پەروەردەو فێربوون لە کوردستان چوونە؟

بارودۆخی خوێندن لە کوردستاندا هیچ کاتێک وەکو ئێستا پڕ کێشە و قەیران نەبووە، بەهۆی ئەو بازدانە کەلتوریەی جێکەوتی خراپی لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە بەجێهێشتووە، لە ناویاندا قوتابی. جاران قوتابی لاواز لە پۆلدا زۆر کەم بوو ئێستا سەرەڕای گرتنەبەری میکانیزمە نوێیەکان و ئەو پەڕی کار ئاسانی بۆ قوتابی کەچی دۆخەکە پێچەوانەبووتەوە.

لەلایەکی ترەوە لە ئێستادا پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، لە ئەجێندای پلانەکانی حکومەتدا زۆر سست و لاوازە.

 

کێشەکانی پەروەردەو فێربوون لە کوردستان چین؟

یەکەم: سیستەم.

دووەم: کەمی کادری پەروەردەیی وەک مامۆستاو توێژەری کومەڵایەتی.

سێیەم: پرۆگرام.

چوارەم : کەمی باڵەخانەو تاقیگەکان.

پێنجەم: بەحیزبیکردنی پرۆسەی پەروەردەو خوێندن.

لەداهاتوودا چی بەسەر کەرتی پەروەردەو فێرکردن دێت؟

بەڕای من داهاتووی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە کوردستاندا بەرەو ئایندەیەکی تاریک و ناڕوون هەنگاو دەنێت و سات بەسات لە پاشە کشە دایە و کەرتی پەروەردەو فێرکردن لەمەترسییەکی گەورەدایە، سەرەڕای دەسکەوتەکانی نوێ و تەکنەلۆژیاو ڕەوڕەوەی ژیان بۆ دواوە هەنگاو هەڵدەگرێت. ئەمەش ووڵات بەرەو دواوە دەبات و ئایندەی گەلەکەمان دەخاتە مەترسیەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.