موچە مۆتەکەی فەرمانبەران

0
عەبدوڵا مەحمود
خەریکە پێ دەنێینە مانگی پێنجەوە، کەچی تا ئێستا موچەی مانگی سێی و چواری بەشی زۆری موچەخۆران دابەش نەکراوە.
دابەش نەکردنی موچە لە کاتی خۆیدا، فەرمانبەرانی ڕوبەڕووی هەلومەرجێکی زۆر سەخت کردۆتەوە، بەتایبەتیش کە گرانی و نەبوونی لەپاڵ بێ موچەییدا، بۆتە مۆتەکەیەکی ترسناک، کە ژیان کردنی خستۆتە بەردەم مەترسییەوە.
بەپێی زانیارییەکانی خودی حزبەکانی دەسەڵات و شارەزایانی بواری ئابوری، لە ئێستادا داهات و بوجەی زیاد لە پێویست لە بەردەستە، و هۆکاری دابەش نەکردنی پەیوەندی بە ململانێی نێوان پارتی و یەکێتیەوە و بەتاڵان بردنییەوە هەیە. بەدانپیانانی خۆیان قوتی بەشی زۆری خەڵکی کوردستان کە موچەخۆرن، کراوەتە قوربانی ململانێی نێوان پارتی و یەکێتیەوە.
پارتی و یەکێتی هەر یەکەیان یەکتری بە هۆکاری نەبوونی بودجەو خاڵی بوونی بانقەکان و نەبوونی پارەی تەواو بۆ دابەش نەکردنی موچەکان تاوانبار دەکەن، ئەوە لە کاتێکدایە موچەخۆران و جەماوەری بێبەشی کوردستان سەرجەم دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، بە هۆکاری نەبوونی موچەو دواخستن و هاوکات وێران بوونی خزمەتگوازارییەکان، دەزانن.
ئەگەر چەند ساڵ پێش ئێستا، هۆکاری نەبوونی موچەو خزمەتگوزارییەکان، لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە بەوە پاساو دەدرا، کە شەری داعش هەیە، ئاوارەی زۆر لە کوردستان هەن، نرخی نەوت لەخوارە، بەغدا پارە نانێرێت… کەچی ئێستا نە شەڕی داعش هەیە و نە ئاوارەیی و هاوکات نرخی نەوتیش لەوپەڕی بەرزیدایەو بەغداش مانگانە، پارەی ناردووە.
دیارە موچەی موچەخۆران وابەستەی هیچ کام لەوانە نییەو داهاتەکانی ناوخۆ و بەرهەمی خودی کاری زۆرێک لە وەزارەتەکان، دەتوانێت موچە زامن بکات.
بۆیە پاساوی نەدانی موچەو دواخستنی، درۆیەکی شاخدارەو ناتوانێت هیچ کەسێکی هوشیار و چاوکراوە، بخەڵەتێنێت.
ئەوەی کەوای کردووە موچە نەدرێت، کێشە نەبوونی داهات و بودجە نییە، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانەکانیان، لەگەڵ مشتێک سەرمایەداری هاوبەشی خۆیان، دەستیان بەسەر داهات و بودجەی خەڵکی کوردستاندا گرتووە. بەجیا لەوانەش پارتی و یەكێتی بۆ شانخاڵی کردنەوەیان لە دابینکردنی موچەو خزمەتگوازارییەکان و خواستە سەرەتاییەکانی خەڵکی بێبەشی کوردستان، هۆکارەکەی دەخەنە سەرشانی یەکتری و باکیان بە سفرەی خاڵی سەدان هەزار ئینسانەوە نییە.
دابەشکردنی موچە لە کاتی خۆیدا و زیادکردنی پێ بەپێی گرانی بازاڕ، مافێکی سەرەتایی هەموو فەرمانبەرێکە، بەتایبەتی کە ژیان و گوزەرانی موچەخۆران لەسەر ئەو موچەیەیە کە وەری دەگرن.
ئەو هەلومەرجە سەختەی ژیان، وای کردووە، کە موچەخۆران و خانەنشینان چەند ڕۆژ لەسەرەی موچەکانیان بوەستن و گیان لەدەست بدەن.
دیارە بەجیا لەچاوەڕوانی موچەکان و پەیوەست بوونی رۆژ بەرۆژی جەماوەرێکی تر بر ئۆردی هەژاران و پەیوەستبوونیان بە هێڵی هەژارییەوە، هاوکات ئەم دۆخە ئاستی خەبات و چاوەروانییەکانیان دێنێتە خوارەوە دابین بوونی “نان” دەبێتە ئامانج.
لەگەڵ ئەوەدا ڕۆژ بەڕۆژ خەڵکی هەژارتر دەبن و توانای دابینکردنی پێداویستیەکان بۆیان سەختر دەبێت، بێکاری زیاتر دەبێت، نرخی شمەکان هەڵدەکشێت، لە بەرامبەردا ملیۆنێر و ملیاردێرەکان زیاد دەکەن، ئەوەش نیشان دەدات کە هۆکاری برسێتی و گرانی و نەبوونی و بێ موچەیی، ریشەی لەم نابەرابەرییە قوڵە چینایەتیەدایە.
پارتی و یەكێتی وەکو دوو حزب و دەسەڵاتی دوو زۆن، حزب و نوێنەری ملیاردێرەکان و ملیۆنێرەکانن و پاراستنی بەرژەوەندی ئەوان ئەرکی سەرەکیانە، بۆیە لەبەرامبەردا چینی کریکار و کارمەند و فەرمانبەران، تاکە رێگا و پشتیوانیەک کە دەبێ هەیان بێت، یەکگرتووبون و رێکخراو بوون و بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە بەدژی ئەم تاڵانچیانەی حزب و مشتیک سەرمایەداری هاوبەشیاندا، کە دەستیان لە هەرچی سامان و داهات و موچەی موچەخۆران گیر کردووە.
دیارە بەجیا لە داهاتی نەوت کە پارتی و یەكێتی لەنێوان خۆیان دابەشی دەکەن، داهاتی ناوخۆیی هەر زۆنیکیش لەلایەن دەسەڵاتی ئەو زۆنەوە پاوان دەکرێت. لەوانە داهاتی خاڵە سنوریەکان، فرۆکەخانەکان، باج و رسومات، داهاتی دائیرەو کارگەو کارخانەکان… تاد.
ئەگەر پارتی و یەکێتی، یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە نەبوونی پارە، و کێشەیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە، ئەی بۆچی لە داهاتی نەوت موچە نادەن، کە بەتەواوەتی لە ئێستادا بەشی موچە بەزیادەوە دەکات.
خەڵکی کوردستان بەگشتی و موچەخۆران بە تایبەتی پێویستیان بە رێکخراوبوون و یەکگرتووبوون، پێکهێنانی ریکخراوەی سەربەخۆی خۆیان لە کارگەو ناوەندەکان و شوێنی ژیان هەیە.
تا بە هێزی رێکخراو و یەکگرتوانە، وە بەنەخشەوە رووبەرووی زوڵمی دەسەڵات و نەخشە تاڵانکارییەکانیان ببنەوە.
پارتی و یەکیتی و بەرپرسە حزبی و حکومیەکانیان، زۆر لەوە تەسەل ترن، کە تێبگەن، نەبوونی و بێ موچەیی یان چی؟ سەختە بۆیان تیبگەن، گرانی چییە؟ بۆیە دەبێ و پێویستە بە هێزی سەراسەری و رێکخراو داهاتی دزروایان لە گەروی تاڵانچیانی بزوتنەوەی کوردایەتی دەربهێنن.
Leave A Reply

Your email address will not be published.