دەسەڵات و ئۆتۆمبێلە جامڕەشەكان…؟

0
هۆشاری عەبدولعەزیز
وەك دەگوترێت هونەری سیاسەت و دەسەڵاتدارێتی لەبنەڕەتدا لەسەر بنچینەی ژیاندۆستی و خزمەتی مرۆڤایەتییەوە سەرچاوەی گرتووە و هۆكارگەلێكی گرنگە بۆ خۆشگوزەرانی و هەنگاونان بەرەو بەدیهێنانی خواستی گەلان، بەڵام ئەوەی لەكوردستان بەدیدەكرێت ئەم پرسە ئاراستەیەكی تری وەرگرتوە و بەدەستی هەندێك سەركردەو گرووپ و هێزی سیاسییەوە بووەتە مەترسی و ژیانی كۆمەڵگەی وێران كردووە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش خراپتر دەبێتبەتایبەت لە رووی ئابووری و بازاڕ و داهاتی تاكەوە، چونكە كەڵەكەبوونی قەیرانەكان و خراپی دۆخی سیاسی و پەرەسەندنی گەندەڵی و شۆڕبوونەوەی بۆ ناو سیستەمی حوكمڕانی وایكردووە هیچ جۆرە چاودێرییەك لە سەر بازاڕ نەماوە و هەمووی بووەتە ماركێتێكی سیاسی بەدەست ئەحزابی دەسەڵاتدارەوە و بە ئارەزووی خۆیان یاری بە نرخ و هاوردەكردن و بازاڕەوە دەكەن.
بەرزیی‌ نرخ‌ و گرانفرۆشی‌ و بەڕەڵایی بازاڕ بەڵگەی ڕاست و دروستی ئەو بۆچوونەمانە و گەیشتۆتە ئاستێك كە بەتەواوەتی تەنگی‌ بەزۆرینەی زۆری هاووڵاتیان هەڵچنیوە، بەتایبەت ئەو خێزان و خانەوادانەی كە هیچ سەرچاوەیەكی دارای دیاریكراویان نییە و بە تەنیا پشت بە كرێكاری و هێزی كاری ڕۆژانە دەبەستن، واتا ئەگەر گرانیی‌ نرخ بۆ فەرمانبەران‌و مووچەخۆران بووبێتە جێی نیگەرانی و دڵەڕاوكێ و باری‌ گوزەرانیانی قورسكردبێت،ئەوە بۆ هەژاران و چینە ڕەش و ڕووتەكەی كۆمەڵگە گەورەترین بەدبەختییە و ‌ ژیانیان لە ئاستێكی‌ نەشیاو و پڕلە مەترسیدایە و كەسیش ناپرسێ ئەمە بۆ؟
بەمەرجێك ئەحزابی حوكمڕان لە سەرەتاكانی دروستبوونی ئەم بارودۆخەدا وەك ئەوەی هەنگوینیان لە كونی داردا دۆزیبێتەوە قەوانی سیستەمی‌ بازاڕی‌ ئازاد و سەرمایەی ئازادیان لێدەدا و بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە چۆن بازاڕی ئازاد كۆمەڵگەی كوردی لە كۆمەڵگەیەكی دواكەوتووی جووتیارییەوە دەگۆڕێ بۆ كۆمەڵگەیەكی كراوەی پڕلە جوڵەی پێشكەوتوو، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناسنامەو میكانیزمی‌ ئەو بازاڕی‌ ئازادە بكەن كە قەوانەكەیان بۆ لێدەدا، ئەمە لەكاتێكدا لە وڵاتانی‌ سەرمایەداری‌ ئەم جۆرە لە بازاڕی ئازاد نییە و بە فاڵتۆ مامەڵە لەگەڵ بازاڕ ناكەن، وەك ئەوەی لێرە سیاسییە بزنسمانە چاوچنۆكەكان لە پێناو مانەوەی خۆیان و پاراستنی بەرژەوەندییەكانیاندا دەیكەن و تەواوی ئابووری و ئابووری بازاڕیان قۆرخكردووە و نەفەسێكی‌ ئەوتۆیان‌ نەهێشتۆتەوە تاخەڵك بە ویستی‌ خۆیان بای‌ باڵی‌ خۆیان بادەن لە مامەڵە و خستنەگەڕی سەرمایەكانیان و كەمترین دەرفەت ڕەخسێنراوە لەم ڕووەوە.
نەهێشتنی ئەو دەرفەتەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە هیچ‌ یاسایەكی‌ گونجاو و كاریگەر نییە بۆ ڕێكخستنی‌ بازاڕو چاودێریكردنی‌ نرخ‌و ئەوانەی‌ كە یاری‌ بە نرخەوە دەكەن، هەربۆیە دەبینی زۆربەی زۆری خواردن و خواردنەوەو دەرمان و پێداویستییەكانی بەڕێوەچوونی ژیانی خەڵكی ژەهراوین، كۆن و بەسەرچوون، لە ئاكامی خواردنی ئەم خۆراكە پیس و بەسەرچوو و ژەهراوییانەدا، سەدان جۆر نەخۆشی قورس بڵاوبووەتەوە كە دیارترینیشیان شیرپەنجە و جەڵتەی دڵ و دەماخە. هێنانی ئەم مەوادە بەسەرچوو و مەترسیدارانەش لەلایەن سەرمایەدارانی ئەحزابی دەسەڵاتدارەوە پاوان كراوە و كەسیش ناتوانێت بڵێ داخیلكردنی ئەم هەزاران جۆر مەوادە كوشندانە بۆچی؟ ئەوەشی كە دەتوانێت بازگەكانی ئەم پرۆسە مەترسیدارە ببڕێت و بێترس و لێپرسینەوە بپەڕێتەوە و یاری بە ژیان و گوزەرانی خەڵكەوە بكات تەنیا ئەو كۆمپانیا و كەسانەن كە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بەدەسەڵات وپایەكانی سیستەمی حوكمڕانی و ئۆتۆمبیلە جامڕەشەكانەوە هەیە نەك خەڵكی هەژار و بێدەسەڵات.
Leave A Reply

Your email address will not be published.