“باڵادی شادی”

0
“باڵادی شادی” (١)                ١- یەکەم ڕۆمانس
بە تۆپەڵ خۆیان بە ڤاگۆنەکەدا کرد.
دەرگا خژژ پێوە درا.
قەتار بەئەسپایی خزایە ناو تونێل.
لەگەل ئەو کۆمەڵە کچ و کوڕە،
ئۆرکێسترێک لە قاقا و شەپۆلێک لە بۆنخۆشی هاتە ژوور.
ڤاگۆن پڕ بوو لە دەنگ و بەرامە. هەوایێکی تازەی تێ زا.
لە دیسکۆ هاتبوونە دەر، دوا ساتی پێکەوە بوونیان بەرەو ماڵ ئەبردە سەر.
چەن سەعات بە مۆسیقای دەنگبەرزی “دیجەی” ڕایان بواردبوو.
دانسی ڕۆمانسی،
خۆبادانی بێهەدا،
ئارەقی سووروشین،
دەموچاوی داگرساو،
تا سەر ئێسک سەرمەستی کردبوون.
زۆریان هاوناسیاو بوون.
چەن دانەش یەکەم جار بوو
ئاوێتەی لەخۆگەورەترەکان، خۆیان هاوێشتبوە دیسکۆی شەودرەنگان.
***
بە دەم قاقای خۆشنەواوە
زرم خۆیان بە کورسیەکاندا کوتا.
هەرا و غەڵبەغەڵبیان
بەسەر وتوویرەی ناو ڤاگۆنەکەدا
زاڵ بوو
کچ و کوڕێکی نەوڕەس
کە لە کاتی دانس و خۆباداندا
چەن جارێک چاویان چاوی ئەویتری پێکابوو
بە ئەنقەس کورسی بەرانبەر یەکیان هەڵبژارد
هەر دانیشتن کچە پرسی:
ناوت چیە کوڕی باش؟
کوڕ: شاد
کچ: ئەی ئەی!
کوڕ: بۆ ئەی ئەی؟
کچ: ئاخر منیش ناوم شادییە، سوورپرایز!
کوڕ (نیوخێز): ئەی ئەی!
کچ: تۆ بۆ ئەی ئەی کوڕی باش؟
هەرتک دایان لە تریقەی پێکەنین
دیانە جوانەکانیان تا بن گوێ دەرکەوتن
بە دەور چاڵی چەناکەیاندا
گۆنایان سوور هەڵگەڕا
جەماعەت لایان کردەوە
نەیانزانی چی بوو.
لێیان گەڕان.
کچ: باشە بۆچی وتت ئەی ئەی؟
کوڕ: ئمم، بڵێم چی؟! چونکە هەر ناوم شادە
کەچی یەکەم جارمە لەگەل شادی ڕووبەڕوو ئەبم.
کچ (قلکەیەک): ها؟ لەگەل کێ؟ چۆۆن؟
باشە باشە. ئمم تۆ چەن ساڵی؟
کوڕ: ١٦
کچ: ناه؟ ١٦ ساڵی و شادیت نەدیوە؟ چۆۆن؟
کوڕ: چۆنی چی؟ نەم دیوە. نا، نەم دیوە و ئاه! تا ئێسته ئاوا نەبوە لەگەل شادی ڕووبەڕوو بم. لێم تێ ناگەی؟
کچ: با تێ ئەگەم. (بێدەنگ) دەی، قەی ناکا گەورە ئەبی لە بیرت ئەچێتەوە،
هاهاها (بێدەنگ)
***
سوعبەتم کرد ببوورە. ئەڵێم خەمی چیتە؟ باشە خۆ درەنگ نەبوە، لە کوێتە؟ هێشتا هەوەڵی ڕێتە. بە جددیمە، ژیان لە بەر دەمتایە. خەمت نەبێ. وەنیە کوڕی باش؟
کوڕ: بەشکەم وا بێ! با بە قسەی تۆ بێ. جارێ با بزانم. ئێستە بۆم هەیە وەبزانم گەیشتووم بە شادی؟ پێم بڵێ کچی باش!
کچ: دە واز بێنە، لێت تێ ناگەم ئەڵێی چی؟ وەدیارە پێم ڕائەبوێری!
کوڕ: نا نا، باوەڕ کە نا. هەر ئەپرسم، ئەڵێم ئاخۆ ئەمە ڕاستە؟ ئاخۆ لەگەل شادی ڕووبەڕووم؟ ئاخۆ ئەمه شانسی ڕاستی ڕاستیە ئەم شانسە؟
کچ: شانس؟ کام شانس؟ شانسی چی؟
کوڕ: چۆن؟ ئەی ئەمه شانس نیە؟ ئەگەر شانس نیه، ئەی چیە؟ چەن ساڵ لە شادی گەڕاوم، ئێستە بەرانبەرم دانیشتوە! وەنیە “شادی”؟
کچ: کوڕە پێم ڕا ئەبوێری، نا؟
کوڕ: نا نا بە جیددیمە. گاڵتە ناکەم.
کچ: دەیسا تۆش بە هەڵە مەچۆ، منیش هەر ناوم شادییە. تەنیا ناوم. (بێدەنگ) خۆم هەست ناکەم شاد بم. یەکەم جاریشە تووشی یەکێک ئەبم ناوی “شاد”ە کەچی ئەڵێ شادی نەدیوە! uاخر چۆن ئەبێ هەتا ئێستە شادیت نەدیبێ؟ بەم قسانە ئەتەوێ چی بڵێی؟
کوڕ: لێگەڕێ، باشە لێگەڕێ. ئەی خۆت چەن ساڵی کچی باش؟ تۆ؟
کچ: ١٦
کوڕ: ئەی ئەی دیسان! دە هەر بڵێ شانسی چی؟
کچ: ئەوە بە ڕاستتە؟ بەڕاست لات وایە شانس هەیە؟ وا ئەزانی ڕەنگە شانست بێتە ڕێ؟
کوڕ: ئەی تۆ چی کچی باش؟ تۆ لات وا نیە؟
کچ: نا، نا، نازانم. نا. چۆن؟ مەبەستت چیە؟
کوڕ: ئەی ئەمە شانس نیە کە شاد و شادی ئەمشەو لە دیسکۆ چاویان بە یەک ئەکەوێ. هەر دوو ١٦ ساڵن. لەم قەتارەدا ئاشنا ئەبن و ئێستەش …؟
کچ: دەی، ئێستەش چی؟
کوڕ: ئێستەش؟ ئەوە نیە پێکەوەین؟
کچ: جا چ بوو پێکەوەین؟ ڕۆژی دەیان کەس ئەبینم، تۆش یەکیانی. لە قەتار دابەزین شاد بە لایەکدا ئەڕوا و شادی بەو لادا. وەنیە؟
کوڕ: کچی باش ئەم قەتارە خۆی بەشێکی شانسەکە، ئەوە نیە هەر بەڕێوەیە؟ ئەوە نیە شاد و شادیش هەر بەیەکەوەن؟ جا با دە دەققەش بێ،
شانسە، شانسە ئیتر.
کچ: ها؟ (بێدەنگ)
***
کوڕ: بێدەنگ بووی! چ بوو؟ بۆ بێدەنگی؟ بڕوانە! (چاو ئەبڕێتە ناوچاوی)
قەتار ناوەستێ کچی باش! کات ئەفڕێ و ئەڕوا، چۆنیش ئەڕوا! هەر به خۆمان نازانین، شانسەکەمان خەریکە ئەگاتە ئاخر. پێم ڕەوا نابینی بۆ چەن لەحزەش بێ، شانسەکی، لەگەل شادی ڕووبەڕوو دانیشتووم؟
کچ: خۆزگە بە خۆت! چەن دڵت خۆشه! بە چی؟ ها؟ بە شانس؟! با ناوت بگۆڕم. شاد بکەمە شانس؟ ئەڵێی چی کوڕی باش؟
کوڕ: ئەوه تۆ ئەڵێی چی؟ لەخۆتەوه! نا، “شادی”! هەر پێم بڵێ شاد. با هەر شاد بم. شانس دێ و دەچێ، ئەبێ و نابێ، شاد بوون، بەڵام ئەمێنێ.
کچ: ئەی نامێنێ؟! دڵت بە چی خۆشە کوڕی باش؟ تاوێکی تر ئەبینی، ئیتر تەنیاییە و تەریکی و تاریکی.
***
دەنگی وریاکەرەوەی شۆفێری قەتار قسەکەیان پێ ئەبڕێ، ئاگاداریان ئەکا قەتارەکه بۆ چەن دەققه دەوەستێ!
کوڕ: جا هەر بڵێ کوا شانس، ئەوا شانس دیسان هاتەوە بەردەستمان!
کچ: شانس بۆ؟ کوا شانس! دوا دەکەوین کوڕی باش، شەو درەنگه، شار خامۆشه، بێدەنگیه، خەتەرە، شانسی چی؟
کوڕ: شانس بۆ ئێمەیه، بۆ من و تۆ، چەن دەققەمان دەس کەوتوه، دەی با دەیتێک دیاری کەین، دەیتێک، دیدارێک، بۆ نا؟ با دیسان یەک ببینین، خۆمان بڕیار بدەین، چاوەڕوانی شانس نەبین، دوودڵ نەبین بیر مەکەوه شەودرەنگه، خەتەرە، تا بەرماڵەکەت لەگەلت ئەبم، تا دایکت دەرگات لێدەکاتەوە، باشه؟
کچ: (بزەی مۆنالیزا دەزێته نێوان دوو لێوه جوان و مێهرەبانەکەی) باشه.
***
هەر ئەو ساته کات و شوێنی ژوان دیاری دەکەن، قەتاریش دەکەوێتەوە ڕێ.
دەگەنه جێ، دادەبەزن، پەنجه له پەنجه دەبەستن، وەک دەسپێکردنی دڵداری و پەیمان بەستن.
شادی زەنگ دەدا، دایکی شیرین دەرگا ئەکاتەوه، دەس بۆ کوڕ بەرز ئەکاتەوه
کوڕ: لەبیرت نەچێ!
کچ: چۆن لەبیرم ئەچێ، دڵنیا به، نا.
کوڕ: ئەوه ناڵێم.
کچ: ئەی چی ئەڵێی؟
کوڕ: هاوئاوازی و هاومۆسیقایی: دانس و شانس و ڕۆمانس!
کچ و دایک به بزه و دەسڕاشەکاندن، نەرم نەرم دەرگاکە پێوه ئەدەن.
***
له ئارامی ساتردەینایتێکی بێوێنەدا،
شنەی گەرمی بەهاراوی،
به نۆتی Mon Amour
دڵی “شاد” پڕپڕ ئەکا له شادی،
به دەم هەڵخستنەوەی بەرەوماڵەوه،
گۆرانی شادی ئەو شەوه خۆشه مۆرەمۆر ئەکا:
دانس و شانس و ڕۆمانس!
هەی، دانس و شانس و ڕۆمانس!
***
چاوە، گوڵان ١٤٠١ / مای ٢٠٢٢
Leave A Reply

Your email address will not be published.