ترس

0
سێ شیعری نەوال سەعداوی(*)
جەلال دەباغ: کردوونی بە کوردی
1- ترس
ترس وامان لێدەکات لەهەموو چرکەیەکدا بمرین
ئەگەر یەکێک لە خۆشەویستانمان لەدەستچوو
یان یەکێک لە هاوسەرەکان جێیانهێشتین
ئەگەر بەرهەڵستکاری دەسەڵاتبووین
هەڕەشەی بەندی و دوورخستنەوەی لێکردین
ئەگەر بەرهەڵستکاریشی نەبووین
بووینە مردووە دووڕووەکان
لە خۆشەویستیدا دەمرین
ئەگەر خۆشەویستی نەبوو دەمرین
لە کینەدا دەمرین
ئەگەر کینەش نەبوو دەمرین
لەترسی لەدەستدانی فەرمان دەمرین
لەترسی نەبوونی موچەی کۆتایی مانگ
لەترسی خەونی بە خەبەری دەمرین
لەترسی مێردەزمەی ستەم دەمرین
بەهۆی منداڵان و منداڵبوون
بەهۆی تای منداڵبوونەوە دەمرین
لەترسی مردن و لەترسی قسەی خەڵکی دەمرین
لە ترسی سزای دنیا دەمرین
لە ترسی ئاگری دۆزەخ دەمرین
لە ترساندا هەزاران جار دەمرین
ملیۆنەها جار دەمرین
بەڵام تەنیا ئازایەتی
وامان لێدەکا یەکجار بمرین..(١)
———-
(١)پەندێکی کوردی هەیە دەڵێ: (ئازا یەکجار دەمرێ، ترسنۆک رۆژی هەزار جار- ج. د)
*** ***
٢- کاخەزێک لە کۆنگرەی ئافرەتان و داهێناندا
پێشکەش نەکرا-
رەنگە ئەم کاخەزە رووناکی نەبینێت
چونکە بابەتەکە لە هێڵە سوورەکان تێدەپەڕێت
پەنام بردەبەر هێماو خەیاڵ
لە پێناو هەڵخەڵەتاندنی دەسەڵاتەکاندا
چونکە مەرگ بۆم بەپەلەبوو
لە کۆنگرەکەدا ئامادەنەبووم
ئایا دەتواندرێ ئافرەتان رزگاربن
لەکاتێکدا دانیشتوون و چاوەڕوانن
وەک مریشک هەڵکورماون
گشت دەروازەکان داخراون
پۆلیسیش لە هەموو شوێنێک دەگەڕێن
وەک هەمیشە درەنگ دێن
لەسەر تەختی رازاوە دادەنیشن
وەک بۆ هەمیشە نەمربن
لەسەر سەکۆی بەرزی وتاردانەوە
تەماشایاندەکەن
بەچاوێکی خەواڵووانەوە
راستییە رۆشنەکان و دیمەنە سڕراوەکانیان دەبینن
وتارێکی رەوانبێژییان بۆ ئامادەکردوون
لەبارەی دەستکەوتە مەزنەکانەوە
لە بەردەمیاندا تەراتێنیانە بۆ وتاردان
لەبارەی مافی ئافرەتانەوە و بۆ رزگاربوونی ژنان
سەرسامی لەسەر روخساری خەڵک بەدیاردەکەوێت
رێگەکان لە مرۆڤ چۆڵن
هەمووان بۆ ماڵەکانیان دەزڤڕێن
لە کاتێکدا تووشی بێزاری و خەمۆکی بوون
چونکە پەردەی کۆنگرە دادرایەوە
بێ ئەوەی هیچ رووبدات
بێ ئەوەی ژنان رزگاربن..
———–
٣- بنووسە کچی خۆم تا نەمریت
ئەوکاتە نووسین
بۆ کۆیلەکان و ژنان
قەدەغەبوو..
چونکە مردنیان لەچارە نووسرابوو
نەمری تەنیا بۆ خواکان و نێرینەبوو
لە منداڵیمدا دەترسام
لە ترسی زۆر
ملکەچبووم بۆ فرمانەکانی
خوداو پاشاو
نیشتیمان و باوک و دایکم
دایکم هەمیشە لەدواوە دەهات
هەرچەندە لەو زیاتر کەسم نەدەدیی
یەکەمین روویەکیشبوو کە دیم
یەکەمین دەنگێکیشبوو کە بیستم
ئەو خۆی سەرەتابوو، لە پێشەنگەوە
لەگەڵ ئەوەشدا بەستبوویانە دواوە
بە نهێنیی دەینووسی
وشەکانی لەژێر زەویدا دەشاردنەوە
وەکوو من دەترسا تاوەکوو مرد
لەدوا هەناسەیدا پێی گوتم:
“کچی خۆم تۆ وەکوو من مەبە
بنووسە..!
بنووسە تا نەمربیت”
———–
نەوال سەعداوی دەڵێ:
” ژنان لە خوێنی خۆیان نرخی شەرمندەیی دەدەن، چونکە پیاو ئەگەرچی دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر ژن شەرمەزارنابێت، شەرەفمەندیی بۆ پیاوە ئەگەرچی ناپاکییش بکات، خوێنی پیاو ئەگەر بڕژێت تۆڵەو بژاردنی هەیە، بەڵام خوێنی ژن نە بژاردنی هەیەو
نە تۆڵە..”
———-
(**)نەوال سەعداوی:
نەوال پزیشک ونووسەرو رۆماننووسێکی بەناوبانگی میسرییە. تێکۆشەێکی ناسراوە لە بواری بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەتی مافەکانی ئافرەتان.
نەوال لە ٢٧ی ئۆکتۆبەری ١٩٣١دا لە گوندێکی میسر هاتۆتەدناوە.
لە زانکۆی قاهیرە ساڵی ١٩٥٥کۆلێژی پزیشکیی تەواوکردووەو، چەند ساڵێک لە خەستەخانەکاندا کاری کردووەو پاشان چۆتە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو لە زانکۆی کۆڵۆمبیاو ساڵی ١٩٦٦لە زانستە پزیشکیەکاندا ماستەری بەدەست هێناوە.
نەوال چەندان ساڵ کاری پزیشکی کردووەو پسپۆڕی نەخۆشییەکانی سنگ و نەخۆشیی دەروونی بووە
ساڵی ١٩٥٧یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی بە سەردێری (فێری خۆشەویستی بووم) بڵاوکردۆتەوە.
نەوال سەعداوی لە وەزارەتی تەندروستیی میسر بۆتە بەڕێوبەری بەرپرس لە تەندروستی گشتی، بەڵام کە کتێبەکەی بەناوی (ئافرەت و سێکس) ساڵی ١٩٧٢ بڵاوکردەوە لەو پۆستە لابراو گۆڤارەکەشی داخرا.
ساڵی ١٩٧٣ رۆمانە بەناو بانگەکەی( ئافرەت لە پۆینت زیڕۆ) لە بیروت بڵاوکردەوە.
نەوال ساڵی ١٩٨١ بە ئاشکرا رەخنەی لەحوکمی تاکە حیزبیی سەرۆک ئەنوەر سادات گرتووە، بەو هۆیەوە دەستگیر کراوەو دوای تێرۆرکردنی ئەنوەر سادات لە ساڵی ١٩٨٢دا ئازادکراوە. ساڵی ١٩٨٣ (بیرەوەرییەکانی لە بەندیخانەی ژناندا) بڵاوکردەوە.
هەروا کتێبی(کەوتنی ئیمام)کە بەشی یەکەمی لە زیندان نووسیوەودەڵێ کەسایەتی ئەنوەر ساداتی کردۆتە قارەمانی رۆمانەکەی.
نەوال دوا رۆمانی بەناوی(رۆمانێک لە قاهیرە) ساڵی ٢٠٠٤ بڵاوکردۆتەوە. بەرهەمی شیعریشی هەیە.
چەندان خەڵاتی عەرەبی و جیهانی پێدراوەو، لەوانە خەڵاتی (ستیک داگیرمان) لە سوید.
نەوال سێجار هاوسەرگیری کردووە، یەکەمجار لەگەڵ دکتۆر ئەحمەد حیلمی، دوای دوو ساڵ لێی جیابۆتەوە بەهۆی ئەلکولیستییەوە، کە ویستویەتی نەوال بکوژێت. کچێکیان هەیە بەناوی (مونا حیلمی)کە رۆژنامە نووسەو ئەدیبێکە لەسەر ڕێبازەکەی دایکی.
نەوال سەعداوی بۆ دووەم جار هاوسەرگیریی کردووەو پاش ماوەیەکی کورت جیابوونەتەوە، لەبەر ئەوەی هاوسەرەکەی ویستوویەتی لەنووسین دووری بخاتەوەو گوتوویەتی”یان من یان نووسینەکانت” ئەویش گوتوویە نووسینەکانم، ئیتر لێک جیا بوونەتەوە.
هاوسەرگیریی سێیەمجاری، ساڵی ١٩٦٧ لەگەڵ رۆماننووس و سیاسەتمەدار (شەریف حەتاتە) بووە، کە لە زەمانی جەمال عەبدوناسردا ١٣ساڵ زیندانی کراوە، لەم هاوسەرگیرییەدا کۆڕێک و کچێکیان هەیەو، پاشان لە ساڵی٢٠١٠دا دوای ٤٣ ساڵ لە هاوسەرگیری جیابوونەتەوە.
کتێبەکانی نەوال بۆ چەندان زمان و پتر لە ١٤ زمانی جۆربەجۆر وەرگێڕدراون. کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان بەردەوام هەڕەشەی کوشتنیان لە نەوال کردووە. بەرهەمە جۆربە جۆرەکانی ئەم نووسەرە بوونەتە مایەی تووڕەبوونی کۆنەپەرستان.
نەوال سەعداوی نووسەرێکی پێشکەوتنخوازو بە هەڵوێستەو بێترس بەرگری لە مافەکانی ئافرەتان کردووەو لە چەندان وڵاتدا بۆتە خۆشەویستیان و هەمووان نووسینەکانی دەخوێندنەوە.
نەوال لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کردو چووە ریزی نەمرانەوە. هەزار سڵاو لەیادی ئەم ژنە تێکۆشەرە ئازاو زانستپەروەرە کە نموونەیەکی گەشاوەی تێکۆشەرە.
Leave A Reply

Your email address will not be published.