ماتەمینێکی درەنگ وەخت

0

ماتەمینێکی درەنگ وەخت

بۆ ئەو ژنە چەکدارانەی (ح ش ع) کە لە سەرەتای دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە پشتئاشان و قەرناقا تیرۆر کران
شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
ئەو گوڵەی لە پشتئاشان و لە قەرناقا
بە گوللەی غەدر
بوو بە ئەستێرەی ناو سەدان هەگبە و توێشوو
دڵی لەگەڵ کەوتنە زەوی لە بری خوێن ئومێد تیایدا فیچقەی دەکرد
لێوەکانی هەتا دوا هەناسەشی دا
شەکرەترێی پێکەنینی پێوە بوو هەروەکو هێشوو
چاوەکانی لەسەر ڕاستەهێڵی ئاسۆی دواڕۆژی ڕوون نەدەتروکا
ئاخ لەو شەهێنە توورەیەی
جەستەی لەبەردەم بەرداشی گەورەغەدرێکا هەڵتروکا.
*
ژنێک هەم با بوو هەم باوەڕ
هەم باران بوو و هەمیش جوانی
دژ بە جەهل و زبڵوزاری نەریت جەنگا هەتا توانی
چریکەی ژانی دەستڕێژێک گوێچکەی دونیای بۆ کەڕ نەکرد
ڕەهێڵەی تووڕەیی و ڕقێک
شانی ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی بۆچی تەڕ نەکرد
هەم دایک بوو
هەم هاوسەر بوو
هەم خوشک بوو
هەمیش کەنیشک
بەری بە ڕووبار ئەگرت و خەمی یەکسانی خستبووە نێو مشتەکانی ئاوات و
دووتوێی پەڕی بیرکردنەوە
هۆشی لەلای زۆرانبازی چینەکان و
لای تەرازووی هێزەکان بوو بۆ بردنەوە
وەختێ گوللەی ڕەشی غەدری کوردایەتی
باڵەکانی پێکا و زام و ئازار ئەنگاوتی و تیرۆر کرا
هەر هەمان سات
سات و سەودای بازرگانی لەگەڵ باوکی عودەی مۆر کرا
*
ئێستا هەموو هاوارەکان
نابنەوە هەمان هاواری ئەو ژنە جەنگاوەرەی وا
بۆ ئازادی تفەنگێکی کردبۆوە شان
تازە هەموو بەهارەکان قەت نابنەوە بە سەوزەڵانی ئەو وەرزەی
خۆزگە بۆی دەبووە پەرێشان
بە زەمەنی ئاوەژووەوە هەر لەم ساتەوە تا دەبتە ساڵی هەشتا و سێ و پێش مردن
سڵاو لە تۆ
سڵاو لە دەستە خوشکەکەت
سڵاو لە تفەنگی شانت
سڵاو لە ڕادیۆی تاقەکە و لە موختارات
سڵاو لە نامەکەی دایکت
سڵاو لە قاتە تازەکەت
سڵاو لە بیرەوەرییەکان
سڵاو لە جوانیت ئەی شاجوان.
٢٠١٧ – ٢٠١٨
تێبینی : وێنەکەم لە ئەنتەرنێت وەرگرتووە و ڕەنگە سووکە پەیوەندییەکی بە کارەکتەری شیعرەکەوە هەبێ.
Leave A Reply

Your email address will not be published.